رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیوڕت کە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە، رایگەیاند دەولەت باخچەلی، سەرۆکی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، پێی گوتووە خۆزگە ئەو ژنەگەریلایانەی چەکەکانیان سووتاند، راستەوخۆ بگەڕانایەتەوە بۆ تورکیا و دڵنیاییشی داوە ئەو ژنانە دەستگیر نەدەکران.
ئەم لێدوانانەی ئۆزەر لە کۆنفرانسێکدا بە ناونیشانی "زمانی ئاشتی دەبێت یاسا و دیموکراسی بێت" هات کە رۆژی شەممە، 21-06-2026، لە شاری وانی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو؛ ئۆزەر وەک کوردێک و ئەندامێکی جەهەپە گوتارێکی پێشکێش کرد.
"وەک کوردێک پشتیوانی لە پڕۆسەی چارەسەری دەکەم"
ئۆزەر ئاماژەی بەوە کرد وەک کوردێک و وەک سەرۆک شارەوانییەکی هەڵبژێردراو، پشتیوانی لە پڕۆسەی چارەسەری دەکات و گوتی: "چەکدانان بە مانای چارەسەرکردنی کێشەی کورد نایەت. دانانی چەک گرنگ و مێژووییە و پشتیوانیی دەکەین، بەڵام رەگی سەرەکیی بابەتەکە، کێشەی کوردە. ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، بەیانی کێشەی دیکە سەرهەڵدەدەن؛ کەچی دەسەڵات نەک هەر نایەوێت لێی نزیک ببێتەوە، بەڵکو دانیشی پێدا نانێت."
ئۆزەر هەروەها رایگەیاند، مشتومڕی یاسایی زیان بە پڕۆسەکە دەگەیێنێت و گوتی: "سەرەڕای ئەمانە، ئێمە پشتیوانی لە پڕۆسەی چارەسەری دەکەین. با ئەمە روون بکەمەوە؛ چەکدانان بە واتای چارەسەرکردنی کێشەی کورد نایەت، بەڵام گرنگە."
باخچەلی: رێگەمان نەدەدا ژنەگەریلاکان دەستگیر بکرێن
ئەو بەرپرسەی جەهەپە باسی لە دیدارێکی خۆی و دەولەت باخچەلی کرد، رایگەیاند، باخچەلی لەبارەی ئەو ژنەگەریلایانەی چەکەکانیان سووتاندووە گوتوویەتی: "خۆزگە ئەو ژنانە دوای سووتاندنی چەکەکانیان، بە سەربەستی بگەڕانایەتەوە بۆ تورکیا."
ئۆزەر گوتیشی: "شتێکی سەرنجڕاکێشی پێ گوتم، گوتی: مامۆستا، من زۆر دەستخۆشی لە شێوازی چەکدانانەکە دەکەم. گوتم بۆچی؟ گوتی: ئەگەر چەک بنێژیت، ئەگەری دووبارە دەرهێنانەوەی هەیە. ئەگەر بێیت و رادەستی بکەیت، وەک ئەوە وایە خۆت بەدەستەوە دابێت و چۆکت دادابێت. بەڵام ئەگەر بە ویستی خۆت چەکەکان بسووتێنیت، چەک نامێنێت و چۆکدادانیش نییە و ئەگەری دەرهێنانەوەش نییە. دواتر گوتی: خۆزگە ئەو ژنانە دوای سووتاندنی چەکەکانیان بگەڕانایەتەوە بۆ تورکیا. منیش گوتم بەڵام ئەگەر ئەمەیان بکردایە دەستبەسەر دەکران، ئەویش گوتی: نەخێر! رێگەمان نەدەدا دەستبەسەر بکرێن."
دەکرێ پڕۆسەکە بە 4 قۆناخ جێبەجێ بکرێت
لەبارەی چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە، ئەحمەد ئۆزەر روونی کردەوە، دەکرێت لە 4 قۆناخــدا جێبەجێ بکرێت: "یەکەم: چەکدانان، دووەم: دروستکردنی ژێرخانی یاسایی، سێیەم: گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، چوارەم: تێکەڵبوونەوەی کۆمەڵایەتی." ئۆزەر ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە راپۆرتی لیژنە پەرلەمانییەکە کەم و کوڕی زۆرە، بەڵام کۆبوونەوەی مەهەپە، دەم پارتی، ئاک پارتی و جەهەپە لەناو یەک لیژنەدا لە خودی راپۆرتەکە گرنگترە.
هاوكات ئەو بەرپرسەی جەهەپە رەخنەی گرت هەنگاوی پێویست نەنراوە و گوتی: "ئێمە ئێستا بە کەمترینیش رازین، بەڵام کات کوشتن هەیە. ئەمە هەڵەیە، چونکە ئەگەر ئەم جۆرە کارانە درێژە بکێشن، تووشی گرفت دەبن و دەرفەتەکەش لە دەست دەچێت."
"ساڵ و نیوێکە هەنگاوی متمانەبەخش نەنراوە"
ئۆزەر جەختی کردەوە ئەکتەری سەرەکی لەم پڕۆسەیەدا سەرۆککۆمارە، چونکە دەسەڵاتی جێبەجێکردن لای حکومەتە. ئەو گوتی: "ساڵ و نیوێکە هیچ هەنگاوێک نەنراوە کە متمانە لای کۆمەڵگە دروست بکات. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە گۆڕانکاریی یاسایی و دەستووری بکرێت. بۆ نموونە ئێستا دەیان سەرۆک شارەوانی و پەرلەمانتار لە زیندانن، لە کاتێکدا دەکرێت بەبێ دەستبەسەرکردن دادگایی بکرێن."
دەستپێشخەری بۆ پڕۆسەی چارەسەری
پڕۆسەی نوێی چارەسەری کاتێک دەستی پێکرد کە دەولەت باخچەلی لە 1-10-2024دا لە پەرلەمان تەوقەی لەگەڵ فراکسیۆنی دەمپارتی کرد. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئەو هەنگاوەی بە "پەنجەرەی هیوا" ناوبرد. دواتر شاندی دەمپارتی لە 28-12-2024دا سەردانی ئیمراڵییان کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە.
لە 11-07-2025دا گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی سیمبۆلی چەکەکانیان سووتاند. دواتر "لێژنەی هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" لە پەرلەمان پێکهێنرا و لە 18-02-2026دا راپۆرتــی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرد. ئێستا چاوەکان لەسەر هەنگاوی یاسایی و گەیشتنە لووتکەی ئەنجامەکانن و چیدیکە پڕۆسەکە بوار بۆ کاتکوشتن ناهێڵێتەوە.




