رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئاکپارتی دەڵێ، لە بابەتی پرۆسەی چارەسەرییدا گەیشتوونەتە قۆناخی یاسایی و داوای لە پارتە سیاسییەکانی تورکیاش کرد لە پەرلەمان پشتگیری نیشان بدەن.
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی، دوای کۆبوونەوەی پارتەکەی کە ئەمڕۆ دووشەممە 22-6-2026 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وردەکاری لەبارەی پرۆسەی چارەسەری خستەڕوو.
گوتەبێژی ئاکپارتی بە پێویستی زانی پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بۆ هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە دابرێژرێ. چەلیک بە گرنگی زانی پارتەکانی پەرلەمانی تورکیا پشتیوانی لە دەرچوونی یاسایەک لەو بوارەدا بکەن.
عومەر چەلیک گوتی: "پێمان وایە پێویستە هەرچی زووە ئەو پڕۆژەیاسای چوارچێوەیە لە پەرلەماندا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ. ئەم پڕۆژەیاسایە بۆ چەکدانانی رێکخراوی تیرۆریستی و هەڵوەشاندنەوەی تەواوی پێکهاتە نایاساییەکان دەبێت. ئەمە بۆ ئاسایشی تورکیا، پرۆسەکانی تورکیای بێ تیرۆر و ناوچەیەکی بێ تیرۆر گرنگە".
لەکاتێکدا دەم پارتی بەردەوام داوا دەکات هەنگاوی یاسایی بنرێ، گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە پارتەکەی یەکلایی بووەتەوە لەوەی لەڕێی پەرلەمانەوە هەنگاوی یاسایی کاری لەسەر بکرێ.
ئەگەرچی ئەمجارە هیچ پچڕانێک لە پرۆسەی چارەسەریدا رووینەداوە، بەڵام حکومەتی تورکیا کە پرۆسەکە بە (تورکیای بێ تیرۆر) ناودەبات، گلەیی زۆری لەسەرە بەوەی لە هەنگاوناندا سارد و سڕە، بەتایبەتی دەم پارتی پێداگرە لەسەر ئەوەی بەر لە دەستپێکردنی چەکدانانی کردەیی، یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان دەربکرێ.




