رووداو دیجیتاڵ
چەکدارێکی دەستگیرکراوی داعش، کە یەکێکە لە تۆمەتبارانی تەقینەوە خوێناوییەکەی ساڵی 2015ی ئەنقەرە، دانپێدانانی مەترسیدار بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، پێشتر پلانیان بۆ تیرۆرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و چەندین کردەوەی دیکە داڕشتبوو.
عومەر دەنیز دوندار، ئەو چەکدارەی داعشە کە لە 25ی ئایاری ئەمساڵ لەلایەن دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) لە سووریا دەستگیرکرا و گەڕێندرایەوە تورکیا. دوای سوودمەندبوونی لە یاسای "پەشیمانبوونەوە"، پەردەی لەسەر چەندین پلانی رێکخراوەکە لادا، کە کەسایەتییە سیاسی و ئاینییەکانی تورکیای کردبووە ئامانج.
ئەو چەکدارەی پێشووی داعش دەڵێت، مستەفا دۆکوماجی کە یەکێک بووە لە سەرکردەکانی داعش، پێشنیازی تیرۆرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەمبووڵی کردووە، بەڵام پلانەکە پێش ئەوەی بچێتە قۆناخی جێبەجێکردنەوە، راگیراوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە رێکخراوەکە هەوڵی دۆزینەوەی ناونیشانی قەشەی ئەمریکی "ئاندرو برۆنسۆن"ی داوە لە ئیزمیر بە مەبەستی کوشتنی، بەڵام دوای ئەوەی برۆنسۆن لەلایەن حکومەتی تورکیاوە ئازادکرا و وڵاتی جێهێشت، پلانەکە پووچەڵ بووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی دانپێدانانەکانیدا، دوندار ئاشکرای کردووە کە داعش پلانی داڕشتبوو بۆ هێرشکردنە سەر باڵۆنە گەشتیارییەکانی ناوچەی "کاپادۆکیا"، بەڵام بەهۆی دەستگیرکردنی ئەو چەکدارە سوورییەی بۆ کارەکە راسپێردرابوو، هێرشەکە سەرنەگرت.
هاوکات پلانێکی دیکەیان بۆ هێرشکردنە سەر هاوڕەگەزخوازان لە ئیستەمبووڵ هەبووە، کە ئەویش بەهۆی دەستگیرکردنی دابینکاری چەکەکانیان شکستی هێناوە.
سەبارەت بە تەقینەوەکەی 10ی تشرینی یەکەمی 2015 لە وێستگەی شەمەندەفەری ئەنقەرە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 104 کەس، دوندار زانیاریی نوێ دەدرکێنێت و دەڵێت: "ئەو هێرشە بەبێ پرسی سەرکردایەتیی باڵای داعش و تەنیا بە دەستپێشخەریی یونس دورماز، بەرپرسی داعش لە دیلۆک کرا."
ئەم چەکدارەی داعش ئاماژە بۆ خاڵێکی هەستیار دەکات و دەڵێت: "رێکخراوەکە بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی نەگرتە ئەستۆ، چونکە لەو کاتەدا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لە جۆرێک لە گفتوگۆدا بوون، بۆیە سەرکردایەتیی داعش دژایەتیی ئەو گرووپانەی خۆی کرد کە لە دیلۆک و سەمسوور ئەو هێرشەیان کردبوو."
عومەر دوندار باس لەوە دەکات کە وەک ئەمیری کاتی لە ئۆفیسی "مەکتەبی فارووق" کاری کردووە، کە ئەرکیان هاوئاهەنگیکردن بووە لە نێوان گرووپەکانی داعش لە تورکیا، رووسیا، ئازەربایجان، قەفقاز، جۆرجیا، کۆسۆڤۆ و بەریتانیا.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کە ئێستا یەکێکە لە دیارترین سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا، پێشتریش چەندین جار لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە لەبارەی مەترسیی تیرۆرکردنی ئاگادار کرابووەوە و رێوشوێنی پاراستنی بۆ تووندتر کرابوو.
.jpg&w=3840&q=75)


