رووداو دیجیتاڵ دادگای تورکیا سزای دارایی بەسەر ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەری وڵاتەکەدا سەپاند، ئەوەش بەهۆی سووکایەتیکردن بە کەسایەتی و یادەوەرییەکانی شێخ سەعیدی پیران لە رێگەی بڵاوکراوەیەکی تۆماری ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. دادگەی ناوچەی خنووس سەر بە پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان، لە دانیشتنی دۆسیەی تایبەت بە سووکایەتیکردن بە شێخ سەعیدی پیران، بڕیاری دا بە سەپاندنی سزای دارایی 8 هەزار و 700 لیرەی تورکی بەسەر ئۆزداغدا. دوای راگەیاندنی بڕیارەکە، لەنێو دادگەدا گرژی لەنێوان لایەنگرانی ئۆزداغ و پاڵپشتیکارانی شێخ سەعید دروستبوو کە دروشمی "ئومیتی فاشیست"یان دەگوتەوە. ئۆزداغ هەر لەوێ تانەی لە بڕیارەکە دا و رایگەیاند، پارێزەرەکانی دۆسیەکە دەبەنە دادگای پێداچوونەوە و گوتی: "ئەمە سزادانی من نییە، بەڵکو سزادانی کۆماری تورکیایە". شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی 1925دا شۆڕشێکی بەرفراوانی دژی سیاسەتەکانی سڕینەوەی ناسنامەی کورد لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیادا راگەیاند، بەڵام دوای سەرکوتکردنی شۆڕشەکە، لەگەڵ 47 هاوڕێی لە شاری ئامەد لەسێدارەدران. لە ساڵانی رابردوودا و بەتایبەت لە سەرەتای ساڵی 2026دا پرسی ناونانی شەقامێک لە ئامەد بە ناوی شێخ سەعید ململانێیەکی لەنێوان پارتە نەتەوەپەرستەکانی تورکیا و لایەنە کوردستانییەکان دروستکرد. ئومیت ئۆزداغ و پارتی ڕاستڕۆی زافەر بەردەوام شێخ سەعید بە "خیانەتکار" ناودەبەن، لە بەرامبەردا بنەماڵە و رێکخراوە کوردییەکان لە رێگەی یاساییەوە سکاڵایان دژی تۆمار کرد، کە دواجار لە 24ی حوزەیرانی 2026دا بووەهۆی سزادانی ئۆزداغ لە دادگە.