رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند لەگەڵ پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیان بە پرۆسەی چارەسەری کرد، دواتر کردیانە سیاسەتی دەوڵەت و قۆناخی گرنگیان بڕیوە.
لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی کە ئەمڕۆ چوارشەممە 24-6-2026 لە پەرلەمان بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا باسی پرۆسەی چارەسەریی کرد.
ئەردۆغان ئیسرائیلی بە دژایەتیکردنی ئاشتی لە ناوچەکە تۆمەتبار کرد و گوتی:" ئەگەر ئاشتی لە ناوچەکەماندا بەدی بێت، دەڵێین سەرباری بوونی ئیسرائیل بەدیهات".
هەروەها رایگەیاند لەگەڵ پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کە پێکهێنەری هاوپەیمانیی جمهوورن، پرۆسەی چارەسەرییان دەستپێکردووە و کردوویانەتە سیاسەتی دەوڵەت و گەیاندوویانەتە ئەمڕۆ. گوتیشی:" سوپاس بۆ خوا قۆناخی گرنگمان بڕیوە. یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەکە کە کێشەی باکووری سووریایە، بە هەڵوێستی سەرۆککۆماری سووریا ئەحمەد شەرع، بەشێکی زۆری چارەسەر بوو. پرۆسەی تێکەڵبوونەوە (حکومەتی سووریا و بەڕێوەبەریی خۆسەر)، سەرەڕای دەستوەردانی هێزە جیاوازەکان، سوپاس بۆ خوا بە وا سەرکەوتوویی جێبەجێ دەبێت. ئێمەش لە نزیکەوە چاودێریی دەکەین و ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین".
ئەردۆغان هەروەها ئاماژەی بە ئاساییبوونەوەیەک لە سووریا کرد و گوتی:"دەبینین برا سوورییەکانمان دووبارە خاوەنداریی وڵاتەکەیان دەکەن و ئێمەش بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەمە دەکەین. خوازیارین پشتیوانی و پارێزگاری لەمە بکرێت. قەیرانی ئێران نەوەک تەنیا بۆ ناوچەکەمان و وڵاتەکەمان، بەڵکو کاریگەریی زۆری لەسەر برا کوردەکانیشمان هەیە. لە سایەی ئەو دیالۆگ و کەشە ئەرێنییەی پرۆسەکە دروستی کردووە، هاوکات نەیهێشت برا کوردەکانمان تووشی فیتنەی گەورەتر و زەرەرمەند بوون ببنەوە. لێرەدا تەنیا ئەمە دەڵێم؛ کورد، عەرەب، تورک و فارسەکان، لە داهاتوودا دەبینرێت کە چ یارییەکی فێڵاوی و پەنهانمان تێکداوە".
سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، تورکیا لە کەندەڵانێکی پڕ لە گرفت و ئاریشە گەڕاوەتەوە و ئێستا لە رێگەی پرۆسەیەکە کە بەرەو ئاشتەوایی دەڕوات. هەروەها جەختیکردەوە، هەتا سێبەری شەڕ و پێکدادان کەمتر ببێتەوە، هێندە بەهار و خۆشی روو لە وڵاتەکە دەکەن و گوتی:"ئەمڕۆ کافێ و کۆڵانەکانی دیاربەکر قەرەباڵخن و خەڵک لەڕووی ئاسایشەوە کێشەی نییە. لە چوار لای وڵاتەکەمانەوە گەشتیاران روو لە چیاکانی هەکاری دەکەن. هەمووان ریزیان بەستووە بۆ ئەوەی لە کەناراوی دیجلەدا خۆیان فێنک بکەنەوە. لە قەرسەوە بۆ وان، لە باتمانەوە بۆ ئاگری و لە مێردینەوە بۆ شرنەخ، کاسبکاران دەم بە خەندەن و بە وەبەرهێنانی نوێ لەو ناوچانەدا، بەتایبەتی گەنجانمان هیوایان دەژیێتەوە".
ئەردۆغان هەروەها هیوای خواست وڵاتەکە بە تەواوی لە شەڕ و پێکدادان رزگاری ببێت و خەڵک هەناسەیەکی بەبەردا بێتەوە؛ بێگومان ئەو داهاتەی بۆ شەڕ بەکاردەهێنرێت، ئەگەر لەپێناوی خۆشگوزەرانیی خەڵک خەرج بکرێت، هەمووان دڵیان خۆش دەبێت. هەروەها گوتی:"روونە کە خەڵکەکەمان بە جددی دەیەوێ لەم کێشەیە بۆ هەمیشە رزگاری بێت و ئێمەش وەکو هاوپەیمانیی جمهوور دەمانەوێ وەڵامی ئەو چاوەڕوانییەی خەڵک بدەینەوە. خوازیارین ئەو کێشە 50 ساڵییە بەپەلە چارەسەر بکەین و لە دوای خۆماندا جێی بهێڵین".
پرۆسەی چارەسەری رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەستیپێکرد. دواتر 27ی شوباتی 2025، ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
رۆژی 12ی ئایاری 2025، پەکەکە بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. هەروەها رۆژی 11ـی تەممووزی 2025 گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی سیمبوولی چەکیان سووتاند.
دواتر (کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرا و لە 5ی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد. ئەو کۆمیسیۆنە رۆژی 18-02-2026 راپۆرتی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی پەسند کرد. ئێستا چاوەکان لەسەر هەنگاوی یاسایی و چەکدانانی کردەیی پەکەکەن.


