رووداو دیجیتاڵ
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە نزیکەی 10 ساڵە لە زیندانی ئەدیرنە دەستبەسەرە، لە وتارێکی نوێدا بە ناونیشانی "کەمی ماوە!" نەخشەڕێگەیەک بۆ "سەرەتایەکی نوێ" لە تورکیا دەخاتە ڕوو.
دەمیرتاش لە وتارەکەیدا داوا لە سێ سەرکردەی سەرەکی دەکات هەنگاوی بوێرانە بنێن.
دەمیرتاش لە وتارەکەیدا کە بۆ کۆمەڵەی توێژینەوەی ئاشتی (QAD) نووسیویەتی، رووی دەمی دەکاتە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە و داوایان لێدەکات زەمینەیەکی نوێ بۆ سیاسەت و پێکەوەژیان بخولقێنن.
دەمیرتاش لە بەشێکی وتارەکەیدا ئاماژە بە رۆڵی ئەردۆغان دەکات و رایدەگەیێنێت، ئەگەر سەرۆککۆمار دەیەوێت دەرگای رێککەوتنێکی ئەخلاقی و دادپەروەرانە بکاتەوە، دەبێت "خاڵێک بۆ هەموو ئەمانەی روودەدەن دابنێت."
دەمیرتاش دەڵێت: "نابێت دەرفەت بەوانە بدرێت کە چاویان لە سوودی قەییوم، دەستبەسەرکردن و بڕیارە نایاساییەکانە، بەڵکو دەبێت دەرفەت بۆ سەرەتایەکی نوێ بڕەخسێنرێت."
سەبارەت بە هەوڵەکانی ئەم دواییەی پەیوەست بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، دەمیرتاش پێی وایە دەوڵەت هێشتا وەک "تاکتیک" سەیری بابەتەکە دەکات نەک ستراتیژ. ئەو هۆشداری دەدات کە "پەیوەندیی کورد و تورک لە ئاستی ناوچەییدا بە ستراتیژی وەرنەگیراوە، بەتایبەت لە سووریا و عێراق،" ئەمەش بە لای ئەوەوە کێشەیەکی گەورەیە.
دەمیرتاش بە ئاماژەدان بە رووداوەکانی رێگری لە زمانی کوردی لە پەرلەمانی تورکیا، رووی دەمی دەکاتە دەوڵەت باخچەلی و دەڵێت: "دڵنیام ئەگەر بەڕێز باخچەلی ئاگای لێبوایە، خۆی دەچووە بەردەم دەرگای پەرلەمان و دەستی ئەو رۆژنامەڤانە کوردەی دەگرت کە جانتاکەی نووسینی کوردی بەسەرەوە بوو و دەیگوت: وەرە براکەم، ئێرە پەرلەمانی تۆشە." دەمیرتاش پێیوایە هەڵوێستێکی لەو شێوەیە دەتوانێت زۆر شت بگۆڕێت.
دەمیرتاش لە وتارەکەی دا ناوی ئۆزگور ئۆزەل وەک سەرۆکی جەهەپە دەهێنێت، هیچ ئاماژەیەک بە کەمال کڵچدارئۆغڵو ناکات. ئەمەش لەلایەن چاودێرانەوە وەک ئاماژەیەک بۆ کۆتاییهاتنی سەردەمی سیاسیی کڵچدارئۆغڵو لە دیدی دەمیرتاشەوە لێکدەدرێتەوە.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، سەڵاحەدین دەمیرتاش بە گەشبینییەوە رایدەگەیێنێت کە "کەمی ماوە" و داوا دەکات هەموو لایەک بە قسەکردنی بوێرانە قاڵبە کۆنەکان بشکێنن و پێکەوە زەوینەی دیموکراسی چاک بکەنەوە.



.jpg&w=3840&q=75)