رووداو دیجیتاڵ
سەنتەری توێژینەوەی مەیدانیی "سامەر" (SAMER) ئەنجامی راپرسییەکی نوێی لەژێر ناونیشانی "ئومێد هەیە، ئیرادە نییە" بڵاوکردەوە. بەپێی ئەنجامەکان، پشتگیریی کۆمەڵایەتی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە ئاستێکی بەرزدایە، بەڵام بێمتمانەییەکی قووڵ بەرامبەر بە هەنگاوە کردارییەکانی دەسەڵاتی سیاسی هەیە.
راپرسییەکە لە نێوان 14 بۆ 21ی حوزەیرانی 2026 لە رێگەی ئۆنلاینەوە کراوە و 908 کەس لە 18 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا تێیدا بەشداربوون؛ لەوانەش شارەکانی ئامەد، ئیستەنبووڵ، وان، مێردین و چەند شارێکی دیکە.
ئەنجامەکان نیشانیدەدەن کە زۆرینەی بەشداربووان داوای چاکسازیی بنەڕەتی دەکەن وەک مەرجێک بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە:
- 86.2% پشتگیریی مافی خوێندن بە زمانی دایک دەکەن.
- 85.6% داوای هەڵگرتنی سیستمی قەیوم دەکەن.
- 84.8% جەخت لە گەرەنتیی ئازادیی رادەربڕین دەکەنەوە.
سەبارەت بە گەورەترین رێگر لەبەردەم پێشکەوتنی پرۆسەی ئاشتی، بەشداربووان بەم شێوەیە دەنگیان داوە:
-28.7% نەبوونی ئیرادەی سیاسی لای حکومەت.
-11.9% هەڵوێستی دامەزراوەکانی دەوڵەت.
-10.3% زمانی میدیاکان.
سەرڕای نەبوونی متمانە بە ئیرادەی سیاسی، بەڵام هێشتا ئومێد لای کۆمەڵگە ماوە؛ بەپێی راپرسییەکە 52.9%ی بەشداربووان هیوایان بە سەرکەوتنی پرۆسەکە هەیە و 68.4%یش پاکێجە یاساییە پێشنیارکراوەکانی ئەم دواییەی پەرلەمان بە ئەرێنی دەبینن.
سەنتەری سامەر کە بنکە سەرەکییەکەی لە شاری ئامەدە، ئەم راپرسییەی لە کاتێکدا بڵاوکردەوە کە پەرلەمانی تورکیا سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری.
.jpg&w=3840&q=75)


