رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی تورکیا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ سێ سەرۆک شارەوانیی ئاکپارتی، جەهەپە و دەم پارتی لە بابەتی مەترسییەکانی سەگی بێلانە دەستپێکرد.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بەهۆی هێرشی سەگی بێلانە سەر شەقامەکان، مۆڵەتی لێکۆڵینەوەی بۆ دوو سەرۆک شارەوانیی ئاکپارتی و جەهەپە دەرکرد و لێکۆڵینەوەی بەراییشی لەبارەی سەرۆک شارەوانییەکی دەم پارتی دەستپێکرد.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بەهۆی مەترسیی ئاژەڵە بەرەڵڵای سەر شەقام، بەتایبەتی کە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان بەرپرسیارێتییان لەسەر شارەوانییەکانە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
وەزارەتی نێوخۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بڵاویکردەوە: "لێکۆڵینەوە لەبارەی بانگەشەی تایبەت بە مەترسییەکانی سەگی بێلانە بۆ سەر خەڵک دەستیپێکردووە. لە شارۆچکەی کۆیجەگیزی سەربە پارێزگای موغڵا، لە ئەنجامی هێرشی سەگدا منداڵێکی تەمەن 11 ساڵ بەسەختی بریندار بووە. هەروەها لە ماوەی دوو ساڵی رابردووشدا 37 هاووڵاتی بەهۆی هێرشی سەگەوە گواستراونەتەوە نەخۆشخانە".
لە راگەیێنراوەکەدا هەروەها ئاماژەکراوە، لە شارۆچکەی نارمانی سەر بە پارێزگای ئەرزەڕۆم، منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ بەناوی موراد توتار، بەهۆی هێرشی سەگی بێلانەوە لە چەند شوێنێکی جەستەیەوە بریندار بووە.
وەزارەتی ناوخۆ بە هۆکاری جێبەجێنەکردنی ئەرکەکانیان بەرامبەر ئەو پرسە، مۆڵەتی لێکۆڵینەوەی بۆ هەریەک لە عەلی ئەردۆغان، سەرۆک شارەوانیی کۆیجەگیز لە موغڵا (جەهەپە) و ئایدەمیر ئادەم کیناڵی، سەرۆک شارەوانیی نارمان لە ئەرزەڕۆم ( ئاکپارتی) دەرکرد.
هەروەها لەبارەی سەرهان پایداس، سەرۆک شارەوانیی حیلوانی سەربە پارێزگای رووها (لە دەم پارتی)، لێکۆڵینەوەی بەرایی دەستیپێکردووە.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دڵنیایی داوە لەوەی لەسەر ئەم هەنگاوانە بەردەوام دەبێت و ئامانجی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و دڵنیابوونەوەیە لەوەی فەرمانبەران ئەرکەکانیان بە تەواوی جێبەجێ دەکەن.

.jpg&w=3840&q=75)

