رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی دادگەی باڵای تورکیا، نوێترین ئاماری ژمارەی ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی بۆ مانگی تەممووزی 2026 بڵاوکردەوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی پارتە سیاسییە چالاکەکان لە تورکیا بۆ 189 پارت بەرزبووەتەوە و ئاکپارتیش زۆرترین ئەندامی هەیە.
بەپێی ئەو داتایانەی رۆژی چوارشەممە 1ـی تەممووزی 2026 لە ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی بڵاوکراونەتەوە، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) خاوەنی 11 ملیۆن و 709 هەزار و 913 ئەندامە.
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە یەک ملیۆن و 879 هەزار و 973 ئەندام لە پلەی دووەمدایە.
ژمارەی ئەندامانی ئەو پارتانەی لە پەرلەمان فراکسیۆنیان هەیە:
• ئاکپارتی: 11,709,913
• جەهەپە: 1,879,973
• مەهەپە: 501,122
• ئیی پارتی: 385,025
• پارتی سەعادەت: 374,724
• دەم پارتی: 17,060
لەنێو ئەو پارتانەی کە پەرلەمانتاریان هەیە، بەڵام فراکسیۆنیان نییە، پارتیی سەرلەنوێ رەفاهـ بە 703 هەزار و 85 ئەندام، دوای ئاکپارتی و جەهەپە، بووەتە سێیەم گەورەترین پارتی سیاسی لە رووی ژمارەی ئەندامانەوە.
ژمارەی ئەندامانی فەرمیی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، کە داوای داخستنی لە دادگەی دەستووریی تورکیا لەسەرە، بە 3 هەزار و 593 ئەندام تۆمارکراوە.
ژمارەی ئەندامانی پارتە کوردییەکان:
• پارتی ماف و ئازادییەکان (هاکپار): 1,740 ئەندام
• پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار): 16,939 ئەندام
• پارتی ئازادی و سۆسیالیزم: 102 ئەندام
• پارتی مرۆڤ و ئازادی: 66 ئەندام
ئەو پارتانەی ناوی "کوردستان"یان تێدایە، لە لیستەکەدا نین
لە لیستەکەدا ناوی ئەو پارتانە نییە کە وشەی "کوردستان" لە ناوەکانیاندا هەیە. وەک پارتی سۆسیالیستی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان-باکوور و پارتی نیشتمانپەروەرانی کوردستان. بەڵام لە ریزبەندیی ئەلفوبێی لیستەکەدا، لە بەرامبەر پیتی "K" و لە ریزبەندی 105 و 106دا، هیچ ناوێکی پارت دانەنراوە و بە بەتاڵی بەجێهێڵدراوە.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی دادگەی باڵا، بەپێی یاسا، ساڵانە دوو جار لە مانگەکانی کانوونی دووەم و تەممووزدا، ئاماری پارتە سیاسییەکان و ژمارەی ئەندامانیان نوێ دەکاتەوە و بۆ رای گشتیی بڵاوی دەکاتەوە.



.jpg&w=3840&q=75)