رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە 36ـەمین لووتکەی سەرۆک دەوڵەت و حکومەتەکانی ناتۆ دەگاتە ئەنقەرە و بڕیارە لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆببێتەوە، کە تێیدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، گەشەسەندنە جیهانییەکان و دۆسیەکانی وەک فڕۆکەی ئێف 35 و سزاکانی CAATSA تاوتوێ دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو: "لەبەر ئەو رێزەی بۆ سەرۆککۆمار ئەردۆغان هەمە، دەچمە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە." ترامپ دوای 17 ساڵ دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کە سەردانی تورکیا بکات، دوای ئەوەی دوایین جار باراک ئۆباما لە نیسانی 2009دا سەردانی ئەو وڵاتەی کردبوو.
رێوشوێنە ئەمنییەکان لە ئەنقەرە گەیێندراونەتە بەرزترین ئاست و ئەو هۆتێلەی ترەمپی تێدا دەمێنێتەوە، بە تەواوی کۆنترۆڵ کراوە و هیچ میوانێکی دیکەی تێدا وەرناگیرێت. ترەمپ لە شوێنێکی تایبەت دەمێنێتەوە کە رووبەرەکەی 190 مەتر دووجایە و دیوار و جامەکانی ژوورەکە گولـلە نەبڕن.
بڕیارە ترەمپ لە یەکەم رۆژی سەردانەکەیدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆببێتەوە. هەروەها لە رۆژی دووەمدا، لە دوای کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ناتۆ، ترەمپ بە جیا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆدەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ترەمپدا، چەندین دۆسیەی گرنگ لەوانە: فرۆشتنی بزوێنەری F-110 بۆ فڕۆکەی جەنگیی نیشتمانیی کان، گەڕانەوەی تورکیا بۆ پڕۆگرامی ئێف 35، و دوایین دۆخی سووریا و غەززە لەسەر مێزی گفتوگۆ دەبن. پێشتر ترەمپ سەبارەت بەم سەردانە گوتبووی: "کارێک دەکەم کە ئەردۆغان زۆر دڵخۆش بکات."
پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتن لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی کڕینی سیستمی بەرگریی ئێس400 لەلایەن تورکیاوە لە رووسیا، گرژیی تێکەوت؛ ئەمەش وایکرد ئەمریکا سزای CAATSA بەسەر تورکیادا بسەپێنێت و لە پڕۆژەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی F-35 دووری بخاتەوە.
بەڕێوەچوونی 36ـەمین لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە و سەردانەکەی ترەمپ، وەک دەرفەتێک دەبینرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات و داڕشتنی هاوسەنگییە نوێیەکانی ناو هاوپەیمانێتیی ناتۆ.



