دوو برای خەڵکی ئامەدی باکووری کوردستان لە بەرزیی چەندین مەترەوە رووکاری دەرەوەی باڵەخانە بەرزەکان تەنیا بە بەکارهێنان پەت پاک دەکەنەوە و بەم کارەیان خەڵک هەژەند و سەرسام دەکەن.
هەندێک کەس بە شێت ناویان دەبەن، هەندێکیش بە سپایدەرمان
مستەفا کانەڤیر و سەروەت کانەڤیر دوو برای خەڵکی ئامەدی باکووری کوردستانن. ئەوان تەکنیکی بەکارهێنانی پەت بۆ گەیشتن بە شوێنە بەرزەکان لە خاڵیانەوە فێربوون. دواتر ئەمەیان لە پیشەکەیان بەکارهێنا.
ئەو دوو برایە ساڵانە نزیکەی چوار مانگ لە ئامەد و کاتەکانی دیکە لە ئیستەنبووڵ کاردەکەن.
رووکاری دەرەوەی باڵەخانە بەرزەکان پاکدەکەنەوە.
لە ئامەد زۆربەی کات لەسەر باڵەخانە 20 بۆ 22 نهۆمییەکان کار دەکەن، بەڵام لە ئیستەنبووڵ لەسەر هەوربڕەکان کار دەکەن کە هەیانە بەرزییەکەی دەگاتە 80 نهۆم. ئەو دوو برایە بوونەتە ترێند و خەڵک باسیان دەکەن. بەتایبەتی منداڵان دەڵێن سپایدەرمان هات.
مستەفا کانەڤیر (29 ساڵ) کە حەوت ساڵە ئەم کارە دەکات ئاماژە دەکات، کارەکەیان لە دەرەوە مەترسیدار دەردەکەوێت، بەڵام هەموو رێکارە پێویستەکانی سەلامەتی دەگرنەبەر و دەڵێت: "کارەکەی ئێمە وەکو شاخەوانییە و تەکنیکی گەیشتنە بە شوێنە بەرزەکان، لەڕێی پەتەوە. کارەکەمان خۆش دەوێت. خەڵک کە دەمانبینن دەپرسن چۆن دەتوانن ئەو کارە بکەن؟ منداڵانیش بە سپایدەرمان بانگمان دەکەن، ئەمەش یەکێکە لە لایەنە خۆشەکانی کارەکەمان."
ئەو دوو برایە نزیکەی 15 کیلۆگرام کەلوپەلی پاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە هەڵدەگرن.
مستەفا کانەڤیر دەڵێ کارەکەیان لە رووی جەستەییەوە ماندوویان دەکات، ئەمەش پێویستی بە هێز و وزەیەکی زۆر هەیە.
سەروەت کانەڤیر (26 ساڵ) کە ساڵێکە دەستی بەم کارە کردووە، تیشک دەخاتە سەر پرۆسەی فێربوون و دەڵێت:"بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە دەبێت خولی تایبەت ببینیت. دوای راهێنانەکان دەچیتە تاقیکردنەوەوە. ئەوانەی سەرکەوتوو دەبن، بڕوانامەی نێودەوڵەتیی (ILT)ـیان پێ دەدرێت. بۆ وەرگرتنی ئەم بڕوانامەیە لە ئیستەنبووڵ یان لە ئیزمیر، تاقیکردنەوە هەیە و هەندێک جار راهێنەری بیانی بۆ وانەگوتنەوە دێن".
"یەکەمجار کە لە نهۆمی 50ـەمەوە هاتمە خوارەوە زۆر ترسام"
سەروەت باسی یەکەم ئەزموونی خۆی دەکات و دەڵێت: "یەکەمجار کە لە نهۆمی 50ـەمەوە هاتمە خوارەوە زۆر ترسام، دەست و قاچم دەلەرزین، بەڵام دواتر راهاتم. خەڵک چونکە بە کارێکی پڕ مەترسی دەیبینن، زۆر حەزی پێ ناکەن و تەنانەت هەندێک کەس پێمان دەڵێن 'ئێوە شێتن ئەم کارە دەکەن؟'. ئەگەر رێکارەکان بگیرێنەبەر، هیچ مەترسییەک لە ئارادا نییە".
ئەگەرچی کەسانێک دەستخۆشی و ئافەرینیان بۆ دەکەن، بەڵام رەخنەی زۆریشیان لێ دەگیرێت.
مستەفا و سەروەت دەڵێن، لە کاتی رەشەبادا کار ناکەن و کەشوهەوا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کارەکەیان هەیە.
سەروەت رایگەیاند لە کەشی گەرمدا بەگوێرەی ئاراستەی خۆر شوێنەکانیان دەگۆڕن و گوتی:" زۆربەی کات لە سێبەردا کار دەکەین. لە کاتی باران، رەشەبا و زریاندا بە هیچ شێوەیەک کار ناکەین، چونکە مەترسیی جددی دروست دەکەن".
ئەو دوو برایە دەڵێن، سەرەڕای سەختییەکان، کارەکەیان داهاتی باشە و بژێوی ژیانیانی لەسەرە، هاوکات دەڵێن:"بەهۆی ترسی بەرزییەوە، هەموو کەسێک ناتوانێت خۆی لەم پیشەیە بدات".



