رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ ئەنقەرە، وەرچەرخانێکی گەورەی لە پەیوەندییەکانی واشنتن و ئەنقەرە راگەیاند. ترەمپ بەڵێنی دا سزاکانی سەر تورکیا لابدات و رایگەیاند، ئیدارەکەی بە جیدی پرسی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی ئێف 35 بەو وڵاتە تاوتوێ دەکات، ئەوەش دوای حەوت ساڵ لە دوورخستنەوەی تورکیا دێت لەو پڕۆگرامە.
رۆژی سێشەممە، 7ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە فڕۆکەخانەی ئەنقەرە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێشوازی لێکرا. دواتر هەردوو سەرۆک لە کۆشکی کۆماریی تورکیا کۆبوونەوە، کە تێیدا رێوڕەسمێلی شکۆداری سەربازی رێکخرابوو.
کۆتاییهێنان بە سزاکانی (کاتسا)
یەکێک لە سەرەکیترین پەیامەکانی ترەمپ لەم سەردانەدا هەڵگرتنی سزاکانی سەر تورکیا بوو کە بەهۆی کڕینی سیستمی بەرگریی (رووسیا) بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێندرابوون.
ترەمپ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تەنیشت ئەردۆغان گوتی: "ئێمە سزاکان لادەدەین. نامانەوێ سزا بەسەر دۆستەکانماندا بسەپێنین."
ئەم بڕیارەی ترەمپ بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی دادەندرێ لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر هاوپەیمانەکەی ناتۆی، کە لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی یاسای (کاتسا)ـەوە پەیوەندییەکانیان تووشی ساردی بووبوو.
ئێف 35؛ گەڕانەوە بۆ پڕۆگرامە گەورەکە
سەبارەت بە فڕۆکەی جەنگیی ئێف 35 کە تورکیا لە ساڵی 2019ـەوە لێی بێبەشکراوە، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا دەکات. ترەمپ گوتی: "ئەوە بڕیارێکە کە دەیدەین... ئەوە فڕۆکەیەکی نایابە، باشترین فڕۆکەیە و بێگومان شتێکە کە رەچاوی دەکەین."
ترەمپ ستایشی وەفاداریی تورکیای کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە "تورکیا لە زۆر وڵاتی دیکە وەفادارترە" و جەختی کردەوە کە پەیوەندیی نێوان ئەو و ئەردۆغان "زۆر تایبەتە".
ئەردۆغان هیوای خواست ئەم لووتکەیە ببێتە وێستگەی کۆتایی کێشەی ئێف 35 و گوتی: "بەڕێز ترەمپ هەمیشە لەسەر بەڵێنەکانی دەوەستێت. بڕوام وایە بڕیارێکی ئەرێنی لەم لووتکەیەوە دەردەچێت؛" هەروەها ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد کە چاوەڕێی پاڵپشتیی ئەمریکان بۆ دابینکردنی بزوێنەری فڕۆکەی (کاین)ـی تورکی.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رۆڵی تورکیا لە نێوەندگیریی تاران
پرسی ئاسایشی ناوچەیی و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەوەرێکی دیکەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بوون. ئەردۆغان رایگەیاند، تورکیا هەوڵێکی جیدی دەدات بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران بخاتە سەر رێڕەوێکی باشتر. ئەمە لەکاتێکدایە، سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و گرژییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە نیگەرانیی نێودەوڵەتییان لێکەوتووەتەوە.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ ترەمپ پرسی غەززە، شەڕی ئۆکراینا و سووریاش تاوتوێ دەکەن. بڕیارە ترەمپ لە ئەنقەرە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریاش کۆببێتەوە.
رەخنە لە ناتۆ و پەیوەندییە بازرگانییەکان
ترەمپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نیگەرانیی خۆی لە دابەشکردنی بارگرانیی دارایی لەنێو ئەندامانی ناتۆدا دەربڕی و رەخنەی لە هەندێک وڵات گرت کە وەک پێویست خەرجیی سەربازی دابین ناکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی ئەمریکا میوانداریکردنی لووتکەکەی لەلایەن ئەردۆغانەوە بەرز نرخاند و رایگەیاند، ئەگەر ئەردۆغان نەبوایە، رەنگە بەشداریی لەو لووتکەیەدا نەکردایە.
ئەم سەردانەی ترەمپ بۆ تورکیا، کە یەکەم سەردانییەتی وەک سەرۆک، تەنیا رەهەندی سیاسی و سەربازی نییە، بەڵکو وەک خۆی ئاماژەی پێدا، پرسی بازرگانی و ئابووریش بەشێکی گرنگ دەبن لە گفتوگۆکانی رۆژانی داهاتوو.



