رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە بەغداوە رایگەیاند، هەناردەی نەوت لە عێراقەوە بۆ بەندەری جەیهان بەردەوام دەبێت. هاوکات باسی رێککەوتنێکی نوێشی لەگەڵ عێراق کرد.
ئاڵپئارسلان بایراکتار، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ باسم محەممەد خودەییر، وەزیری نەوتی عێراق و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی ساز کرد و رایگەیاند، "ماوەیەکی درێژە قسە لەسەر رێککەوتنێکی نوێ دەکەین کە بەردەوامیی هەناردەکردن لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە مسۆگەر بکات."
بایراکتار گوتی: "بەهۆی ئەوەی رێککەوتنی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا لە کۆتایی ئەم مانگەدا بەسەر دەچێت، گەیشتووینەتە قۆناخی کۆتایی رێککەوتنێک کە 12 مانگی داهاتوو بگرێتەوە و بەردەوامیی پرۆسەکە بەبێ پچڕان مسۆگەر بکات. ئامانجمان ئەوەیە لە رۆژانی داهاتوودا ئەم رێککەوتنە واژۆ بکەین و بۆ رای گشتی ئاشکرای بکەین."
بایراکتار، ئاماژەی بە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە کرد و گوتی، "هەناردەی نەوت لە عێراقەوە بۆ بەندەری جەیهان بەردەوام دەبێت."
لەبارەی بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا لە بواری وزەدا، بایراکتار رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری نەوتی ئەو وڵاتە ئەم بابەتەیان هەڵسەنگاندووە و پەیامی سەرۆککۆماری تورکیایان پێگەیاندوون.
لەبارەی پڕۆژەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا ئەوەی خستەڕوو کە پڕۆژەیەکی نیو سەدەییە و لە ساڵانی 1970ـەوە بەردەوامە و رایگەیاند، تورکیا ماوەیەکی درێژە ئەم هێڵەی بە کارایی هێشتووەتەوە.
تیشکی خستە سەر هۆکاری راگرتن، سڕکردن و سستبوونی هەناردەکان لە رێگەی بۆرییە نەوتییەکان و گوتیشی: "هەندێک رووداوی رابردوو و نائارامی لە ناوچەکە، رێگەیان نەدا ئەم هێڵە بە توانای تەواوەوە بەکاربهێنرێت. ئێستا خاڵی هاوبەشمان ئەوەیە توانای ئەم هێڵە بە تەواوی بەکاربهێنین و تەنانەت تواناکەشی زیاد بکەین. درێژکردنەوەی هێڵەکە تاوەکو بەسرە و گەیاندنی ئەو نەوتەی لە بەسرە بەرهەم دێت لە رێگەی ئەم هێڵەوە بە جەیهان و لەوێشەوە بە بازاڕەکانی جیهان، ئەلتەرناتیڤێکی گرنگە."
گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئەو نادڵنیاییەی ساڵانێکە لە بازاڕە جیهانییەکاندا هەیە، تەوەرێکی دیکەی قسەکانی ئاڵپئارسلان بایراکتار بوو. رایگەیاند، ئەم پێشهاتانە دوو شتمان بەسەردا دەسەپێنێت؛ یەکێکیان پێویستیی زیاتر بە گرێدان و پێکەوەبەستنەوەیە و پێویستە ستراتیژییەکی زۆر گرنگی کارەکە جێبەجێ بکەین. تەواوی هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە دەکرێت و هەر پەککەوتنێک لێرەدا، دەبێتە کێشە بۆ عێراق. ئەمە تەنیا بۆ ئەوان نییە، بەڵکو بۆ بازاڕی جیهانیی نەوتیش راستە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی نەوت، شاندی هەردوولا باسیان لە چۆنیەتیی بەهێزکردنی هاریکاریی هاوبەش کردووە لە بواری پڕۆژە هاوبەشەکان لە هەردوو کەرتی نەوت و گاز، لەگەڵ پرسی رێککەوتنی نێوان عێراق و تورکیا لەبارەی بۆریی گواستنەوەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.
وەزارەتی نەوت رایگەیاندووە، هەردوولا رێککەوتوون کە گفتوگۆ و دانوستاندنەکانیان بەردەوام بێت کە تایبەتە بە رێککەوتنی گواستنەوەی نەوت و زیادکردنی توانا و بڕی نەوتی هەناردەکراو، لەگەڵ جێبەجێکردنی پڕۆژەی دیکە و چۆنیەتیی بەشداریپێکردنی کۆمپانیاکانی تورکیا لە پڕۆژە وەبەرهێنان و ستراتیژییەکان لە کەرتی نەوتدا.
زیادکردنی توانای بۆرییەکە لە رۆژەڤدایە
لەبارەی زیادکردنی توانای بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا، بایراکتار گوتی، "ئامانجمان ئەوەیە توانای ئێستا بە تەواوی بەکاربهێنین، بەڵام پێشهاتەکانی ناوچەکە وا دەکات کە بەرهەمهێنەرانی دیکەش بخەینە ناو ئەم پرۆسەیەوە. ئەگەر ئەوان پێویستی و ئارەزوویان هەبێت، دەکرێت ئەو دەرگایەیان بۆ بکرێتەوە. دەکرێت بۆرییەکە بکرێتە بۆرییەکی نەوت بە توانای 2.5 ملیۆن بەرمیل. دەتوانین بەبێ پێویستی بە وەبەرهێنانی گەورە، 1.5 ملیۆن بەرمیل بەدەستبهێنین. دەتوانین بە وەبەرهێنانی زیاتر، تواناکەی زۆر زیاتر بکەین."
جەخت لەسەر "بەستنەوە"ـی کارەبا لەگەڵ عێراق
لە بواری کارەباشدا، ئاڵپئارسلان بایراکتار گرنگی و پێویستیی پێکەوەبەستنەوە لەگەڵ عێراق خستەڕوو و رایگەیاند، هێڵی گواستنەوەی کارەبای نێوان هەردوو وڵات دەتوانرێت بە توانای تەواو و بە زیادکردنی تواناکەی لە رێگەی هێڵی گواستنەوەی نوێوە کاری پێبکرێت.
جەختی لەوەش کردەوە بیرۆکەی هێنانی سەنتراڵی گازی سروشتی بۆ عێراق لە رێگەی تورکیاوە بۆ کارپێکردنی وێستگە کارەباییەکانی ئێستا و ئەوانەی لە داهاتوودا دروست دەکرێن، گەیاندووەتە عێراق. رایگەیاند، وەبەرهێنانەکان لەلایەن تورکیاوە تەواو بوون.
بە گوتەی بایراکتار، "ئێستا لە سنووری تورکیا گازی سروشتی هەیە. لەوانەیە بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە رێگەی ئەو بۆرییە گازانەی لەلایەن عێراقەوە دروست دەکرێن، پێداویستیی گازی سروشتی لەوێوە دابین بکەین، بەڵام دواتر دەمانەوێت پڕۆژەی وەک بەکارهێنانی هەمان بۆریی گاز بۆ گواستنەوەی سەرچاوەکانی دیکەی گازی سروشتی کە لە عێراق یان کەنداو بەرهەم دەهێنرێن. ئەمجارە بە پێچەوانەوە بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەورووپا، پێکەوە جێبەجێ بکەین."
شاندی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئەنقەرە
رۆژانی 1 و 2ـی تەممووزی 2026، شاندێکی حکوومەتی عێراق کە پێکهاتبوو لە نوێنەری وەزارەتەکانی نەوت و دەرەوە لەگەڵ نوێنەری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە ئەنقەرە، لەگەڵ هاوتا تورکییەکانیان بۆ تاوتوێکردنی داهاتووی گرێبەستی هێڵی بۆریی عێراق-تورکیا و هاوکارییەکان لە کەرتی وزەدا کۆبوونەوە.
چی روویدابوو؟
رۆژی 21ـی تەممووزی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بڕیارێکی واژۆ کرد کە بەپێی ئەو بڕیارە، رێککەوتنی بۆریی گواستنەوەی نەوتی خاوی نێوان تورکیا و عێراق، کە لە ساڵی 1973ـەوە کاری پێدەکرێت، لە رۆژی 27ـی تەممووزی 2026 کۆتایی پێدێت.
لە بڕیارەکەدا کە بە ژمارە 10113 لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، لەو رێکەوتەوە رێککەوتنەکە و سەرجەم پرۆتۆکۆڵ و بەڵگەنامە هاوپێچەکانی دیکە کە پەیوەستن بەو بابەتەوە، هەڵدەوەشێنەوە.
ئەو رێککەوتنە بۆ یەکەمجار رۆژی 27ـی ئابی 1973 لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کرا. رۆژی 22ـی نیسانی 1975 بە بڕیاری ژمارە 7/9843 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. بە درێژایی ساڵان لە رێگەی چەندین پرۆتۆکۆڵی جیاوازەوە نوێکراوەتەوە. دواجار لە ساڵی 2010 بۆ ماوەی 15 ساڵی دیکە درێژکرابووەوە، کە ماوەکەی لە ساڵی 2025 کۆتایی دەهات.
هێڵی بۆریی نەوتی خاوی عێراق-تورکیا، لە چوارچێوەی رێککەوتنی هێڵی بۆریی نەوتی خاو کە لە 27ـی ئابی 1973 لە نێوان حکوومەتی تورکیا و کۆماری عێراق واژۆ کرا، بەمەبەستی گەیاندنی ئەو نەوتە خاوەی لە کەرکووک و کێڵگەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی عێراق بەرهەم دەهێنرێت بۆ بەندەری جەیهان دروست کراوە. یەکەم هێڵ کە تیرەکەی 40 ئینج و درێژییەکەی 986 کیلۆمەترە، لە ساڵی 1976 کەوتەکار و یەکەم باری تانکەر لە 25ـی ئایاری 1977 بارکرا.
هێڵی دووەمی بۆری کە هاوتەریبە لەگەڵ هێڵی یەکەم و کارەکانی دروستکردنی لە ساڵی 1985 دەستیپێکرد، لە ساڵی 1987 تەواو بوو. بەهۆی ئەم هێڵە بۆرییەوە کە تیرەکەی 46 ئینجە، توانای گواستنەوەی ساڵانە بۆ 70.9 ملیۆن تۆن بەرزبووەوە.
لە 19ـی ئەیلوولی 2010، رێککەوتنێکی هەموارکردنەوە لە نێوان تورکیا و عێراق واژۆ کرا بۆ نوێکردنەوەی رێککەوتنی هێڵی بۆریی نەوتی خاوی کەرکووک-یومورتاڵک و پرۆتۆکۆڵە پەیوەندیدارەکانی و درێژکردنەوەی بۆ ماوەی 15 ساڵ.
خاوەنی بەشی تورکیای هێڵە بۆرییەکە و هەروەها ئەو لایەنەی کار بە بەشەکەی تورکیای هێڵە بۆرییەکە دەکات، کۆمپانیای گواستنەوەی نەوتە بە بۆری (BOTAŞ).



