رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی ئوسکوداری سەر بە پارێزگای ئیستەنبووڵ، کەسێکی نەناسراو هێرشی کردە سەر گۆڕستانی (سورپ گارابێت)ـی ئەرمەنییەکان و زیانی بە 6 گۆڕ گەیاند، هێزە ئەمنییەکانیش لێکۆڵینەوەیان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە دەستپێکردووە.
بەپێی زانیارییەکانی وەقفی کەنیسەی سورپ گارابێت، رووداوەکە لە شەوی 7 لەسەر 8ی تەممووزی 2026 روویداوە، کاتێک کەسێک بە سەر دیواری گۆڕستانەکەدا سەرکەوتووە و چووەتە ژوورەوە.
لەمبارەیەوە، رافی کیرکۆریان، سەرۆکی وەقفی کەنیسەی سورپ گارابێت لە ئوسکودار رایگەیاند: "نەخشی خاچەکانی سەر کێلی 6 گۆڕ شکێندراون."
پاتریارکی ئەرمەنییەکانی تورکیا لە راگەیاندراوێکدا سەرکۆنەی ئەم هێرشەی کرد و رایگەیاند: "کەسێک زیانی بە 6 گۆڕ گەیاندووە. ئەم هێرشە قێزەونە دەستبەجێ لەلایەن دەستەی بەڕێوەبردنی وەقفی کەنیسەکەوە بە هێزە ئەمنییەکان راگەیێندراوە بۆ ئەوەی سەرپێچیکارەکە دەستگیربکرێت و بدرێتە دادگە."
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی ئیستەنبووڵ، تائێستا ئەو کەسە یان ئەو دەستگیرانە نەکراون کە ئەو کارەیان کردووە.
گۆڕستانی سورپ گارابێت کە بە واتای رابەری پیرۆز دێت، مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ سەدەی 16 و گۆڕی بەشێک لە کەسایەتی ئایینی کریستییانە ئەرمەنییەکانی باکووری کوردستان لەو گۆرستانەیە.
گۆڕستان و کەنیسە دێرینەکانی کەمینە ئایینییەکان لە ئیستەنبووڵ و شارەکانی دیکەی تورکیا، لە رابردووشدا چەندین جار رووبەڕووی هێرشی هاوشێوەی تێکدان و نووسینی دروشمی نەژادپەرستانە بوونەتەوە. پاتریارکی ئەرمەنەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەمیشە داوای تووندکردنی رێکارە ئەمنییەکان و پاراستنی شوێنە پیرۆزەکانی کەمینەکان دەکەن، بە تایبەت کە زۆربەی ئەم هێرشانە لەلایەن کەسانێکەوە دەکرێن کە بیرۆکەی نەژادپەرستانەیان هەیە یان بە مەبەستی دزینی کەلوپەلی مێژوویی هێرش دەکەنە سەر گۆڕستانە کۆنەکان.



