رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا نرخی نوێی خزمەتی سەربازی بە پارە بۆ نیوەی دووەمی ساڵی 2026 راگەیاند کە گەیشتووەتە 472 هەزار و 653 لیرە (نزیکەی 10 هەزار 164 دۆلار).
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاندووە، پرۆسەی پێشکێشکردنی داواکاری بۆ خزمەتی سەربازی بە پارە بەپێی نرخی نوێ، لە 7ی تەممووزی 2026ەوە دەستیپێکردووە.
هۆکاری گۆڕانی ئەم نرخەش بۆ ئەو گشتاندنە دەگەڕێتەوە کە لەلایەن وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیاوە لەژێر ناونیشانی "مافە دارایی و کۆمەڵایەتییەکان" دەرکراوە.
زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی دا رایگەیاند: "نرخی خزمەتی سەربازی بە پارە بۆ شەش مانگی دووەمی ساڵی 2026، بە 472 هەزار و 653 لیرە و 60 قوروش دیاریکراوە."
سیستمی خزمەتی سەربازی بە پارە لە تورکیا، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1987 لەسەردەمی تورگوت ئۆزاڵ لە تورکیا دەستیپێکرد. تاوەکو ساڵی 2018 ئەم سیستمە تەنیا لە کاتی تایبەت و بە دەرکردنی یاسای کاتی جێبەجێ دەکرا.
لە ساڵی 2019ەوە بەپێی یاسای نوێی سەربازی بووەتە هەمیشەیی.
ئێستا هەموو شەش مانگ جارێک هاوتەریب لەگەڵ رێژەی هەڵاوسان و مووچەی فەرمانبەران لەلایەن وەزارەتی دارایی و بەرگرییەوە نرخەکەی نوێ دەکرێتەوە.
ئەم رێکارە بۆ رێگریکردنە لە قەرەباڵخی لە ناوەندەکانی راهێنانی سەربازی و رێگەدان بە گەنجان بۆ بەردەوامبوون لە ژیانی پیشەیی خۆیان، لە بەرامبەر دابینکردنی سەرچاوەیەکی دارایی بۆ سوپای تورکیا.



