رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەو گرووپەی پەکەکە، کە ساڵی رابردوو بۆ پشتگیریکردنی پرۆسەی ئاشتی چەکەکانیان سووتاند، رەخنە لە سستیی هەنگاوەکانی تورکیا دەگرێت و دەڵێت، یەک ساڵە دەستی برایەتییان درێژ کردووە، بەڵام "لە هەوادا ماوەتەوە" و هیچ هەنگاوێکی جدی بۆ کردنەوەی رێگەی سیاسەتی دیموکراتی نەنراوە.
نەدیم سێڤەن، یەکێک لە ئەندامانی "گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" کە لە 11ـی تەممووزی 2025 بە دەم بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە هاتن و لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند، باسی لە ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی چارەسەری کرد.
سێڤەن رایگەیاند: "ئەگەر دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا هەنگاوی جدی بنابایە، ئێستا ئێمە لە ئامەد و ئەنقەرە خەریکی کاری سیاسیی دیموکراتی دەبووین، بەڵام پرۆسەکە بە سستی بەڕێوەدەچێت."
ئەو ئەندامەی گرووپی ئاشتی رەخنەی لە تێگەیشتنی دەوڵەت گرت بۆ پرۆسەکە و گوتەکانی نوعمان کوڕتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیای بە نموونە هێنایەوە کە باسی لە "تورکیای بێ تیرۆر" کردبوو. سێڤەن جەختی کردەوە کە چارەسەرکردنی کێشەی کورد پەیوەستە بە زمان، کولتوور، ناسنامە و پێناسەکردنی "کوردستان".
سەبارەت بە رەوشی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سێڤەن گوتی: "پێویستە ئازادی و تەندروستیی ئۆجەلان گەرەنتی بکرێت. ئێستا 47 رۆژە هیچ دیدارێکی لەگەڵدا نەکراوە؛ بەم شێوەیە سیاسەتی دیموکراتی ناکرێت."
لەبارەی "یاسای پرۆسەی چارەسەری" کە ماوەی 45 رۆژە میدیای تورکیا باسی دەکات، سێڤەن ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا ناوەڕۆکی ئەو یاسایەیان بۆ روون نەکراوەتەوە و هۆشداریی دا: "ئەگەر رێگەی سیاسەتی دیموکراتی نەکرێتەوە، دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی دەچێت و ئەو دە کەسەی لە چیاکانی کوردستانن، دەبنە ملیۆنان کەس."
ساڵێک پێش ئێستا، 30 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) چەکیان دانا، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنووسی یاسایی ئەو گەریلایانە بە ناڕوونی ماوەتەوە. ئێستا پەرلەمانی تورکیا سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکە بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ داهاتووی پرۆسەکە و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گەریلایانە دیاری بکات کە چەک دادەنێن.


.jpg&w=3840&q=75)
