رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، رەنگە هەفتەی داهاتوو رەشنووسی پڕۆژەیاسای چارەسەری، پێشکێشی پەرلەمان بکرێت و شاندی ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکاتەوە.
سەرچاوەیەک لە دەم پارتی قسەی بۆ میدیای نزیک لە پارتەکە کردووە و دەڵێت، شاندی ئیمراڵی سێ دیداری جیاوازی لەگەڵ ئاکپارتیدا ئەنجامداوە. تێیدا دەسەڵات پێی راگەیاندوون، کار لەسەر یاسایەکی گشتگیر دەکەن و لە ماوەیەکی کورتدا رەشنووسەکە پێشکێشی پارتە سیاسییەکان دەکەن.
دەم پارتی هۆشداری لەبارەی ناوەڕۆکی یاساکە دەدات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر رێکخستنەوەیەک دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان روون نەکاتەوە و هەموو لایەنەکان لەخۆ نەگرێت، پرۆسەی چەکدانان دەخاتە مەترسییەوە.
سەرچاوەکانی نێو پارتەکە، سوورن لەسەر ئەوەی نابێت هیچ جیاوازی و پۆلێنکارییەک لە نێوان ئەو گرووپانەدا بکرێت کە دەگەڕێنەوە. هەروەها دەڵێن، پێویستە یاسای چوارچێوە لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپانە بێت کە لە 24ـی ئایاردا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا گفتوگۆیان لەسەر کراوە.
بەپێی زانیارییەکان، چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو 13ـی تەممووز رەشنووسەکە بگاتە لای پارتە سیاسییەکان و گفتوگۆی لەسەر دەستپێبکات. دوای پێشکێشکردنی رەشنووسەکە، بڕیارە پەروین بوڵدان، میدحەت سانجار و ئۆزگور فایق ئەرۆل، ئەندامانی شاندی ئیمراڵی، بۆ هەڵسەنگاندنی ناوەڕۆکەکەی لە ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببنەوە.
بەرپرسانی دەم پارتی، لە هەڵسەنگاندنیان بۆ داهاتووی پرۆسەکە، ئاماژە بەوە دەکەن کە رەشنووسێکی ناگشتگیر زیان بە بنەمای چارەسەری دەگەیێنێت. بەڕێوەبەرایەتیی پەکەکەش لە دوایین راگەیێندراویدا ئاشکرای کردووە، ئەو رەشنووسە یاسایە قبووڵ ناکەن کە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی تێدا دیاری نەکرابێت.
.jpg&w=3840&q=75)


