رووداو دیجیتاڵ
ئۆزگور ئۆزەل، کە بەهۆی کێشە یاساییەکانی ناوخۆی پارتەکەیەوە وەک "سەرۆکی لەکارلادراو"ی جەهەپە ناودەبرێت، لە شاری ئادانا پەیامێکی تووندی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد و رایگەیاند، رێگە نادەن کاروانی ئەوان بەرەو دەسەڵات پەکبخرێت. هۆشداریشیدا و گوتی: "یان رێگەیەک بۆ وەرگرتنەوەی پارتەکەمان دەدۆزینەوە، یان رێگەیەکی نوێ دەکەینەوە."
ئۆزگور ئۆزەل لە ناوچەی چوکورۆڤای سەر بە پارێزگای ئادانا لەگەڵ ئەندام و لایەنگرانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کۆبووەوە. لە گوتارێکدا رەخنەی تووندی لە دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی سەرۆک شارەوانییەکانی پارتەکەی گرت و گوتی، "رووی قسەکانم بۆ ئەو کەسانەیە کە 212 رۆژ زەیدان کارالار، سەرۆک شارەوانیی ئادانایان لە شارەکەی دابڕی و رەوانەی زیندانیان کرد، هەروەها ئۆیا تەکین، یەکەم ژنە سەرۆک شارەوانیی سەیانیان کە 402 رۆژە لە زینداندایە؛ ئێوە ناتوانن لەبەردەم لافاوی ئیرادەی گەلدا بوەستن."
سەرۆکی جەهەپە ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گوشارانەی دژ بە پارتەکەی دەکرێن، پەیوەندییان بە مەترسیی دەسەڵاتەوە هەیە لە سەرکەوتنەکانی جەهەپە. ئۆزەل گوتی، "ئەوان دەزانن ئێمە 'هاوپەیمانی ئادانا'مان پێکهێناوە؛ دەبینن چۆن سۆسیال دیموکراتەکان، پارێزگاران، نەتەوەییەکان، کوردەکان و لیبرالەکان شانبەشانی یەک بەرەو دەسەڵات دەڕۆن. ئەوەی دەکرێت تەنیا ئۆپەراسیۆن نییە بۆ سەر بەربژێری سەرۆکایەتی یان سەرۆک شارەوانییەکان، بەڵکو ئۆپەراسیۆنە بۆ پەکخستنی رێپێوانی گەل بەرەو دەسەڵات."
ئۆزگور ئۆزەل بەڵێنی بە لایەنگرانی دا کە بەردەوام بن لە تێکۆشان و گوتی، "کەس نەترسێت، نە پەلە دەکەین و هەڵە دەکەین، نە دوادەکەوین و ئومێدەکان دەکەینە بێئومێدی. زۆر نزیکە، یان رێگەیەک دەدۆزینەوە بۆ وەرگرتنەوەی پارتەکەمان، یان رێگەیەکی نوێ دەکەینەوە. من و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، مەنسور یاڤاش، زەیدان کارالار و وەهاب سێچەر، شانبەشانی یەک بەرەو دەسەڵات دەڕۆین."
رۆژی 21-05-2026 دادگەی ئەنقەرە لە بڕیارێکدا 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەی بە "پووچەڵ و ناکاریگەر" هەژمار کرد. بەمەش هەڵوەشاندنەوەی رەهای بۆ تەواوی کۆنگرەکە دەرکرد و ئۆزگور ئۆزەل لە سەرۆکایەتیی پارتەکەی کەوت. کەمال کڵچدارئۆغڵو کە سەرۆکی پێشووی پارتەکەیە و لە کۆنگرەکەدا شکستی هێنابوو، گەڕێندرایەوە بۆ پۆستەکەی.
.webp&w=3840&q=75)



