گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکانی نێوان کەرکووک و ئەنتاڵیا رۆژی سێشەممە 14-7-2026 دەستپێدەکەن.
هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری میدیایی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک خشتەی گەشتەکانی ئەنتالیای بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند و گوتی، گەشتەکان بە شێوەی هاتن و چوون لە نێوان کەرکووک و ئەنتاڵیا لە رۆژی 14ی تەممووزەوە بە فەرمی دەستپێدەکەن.
هێڵە نوێیەکەی ئەنتالیا لەلایەن هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە بەڕێوەدەبرێت. هەردی سەمەد لەبارەی بەرنامەی هەفتانەی گەشتەکانەوە گوتی: "هەفتانە دوو جار بە شێوەی چوون و هاتن دەکرێن. ئەم هێڵە نوێیە بە تایبەتی لە وەرزی هاویندا ئاسانکارییەکی گەورە بۆ گەشتیاران دەکات."
فڕۆکەخانەی کەرکووک ئێستا پردێکی ئاسمانیی لەگەڵ چەندین شاری تورکیا دروست کردووە. ئێستا گەشتە ئاسمانییەکانی کەرکووک بۆ فڕۆکەخانەکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ترابزۆن بەردەوامن.
هەفتانە 18 گەشت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووکەوە بۆ فڕۆکەخانە جیاوازەکانی تورکیا دەکرێن.


.webp&w=3840&q=75)
