وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا لیستی ئەو خۆراکانەی بڵاوکردەوە کە مەترسی بۆ سەر تەندروستیی خەڵک دروست دەکەن؛ دوو براندی بەناوبانگی چای لە نێو لیستەکەدان. لیستەکە رۆژی 10-7-2026 لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 5996ی خزمەتگوزاریی ڤێتێرنەری، تەندروستیی رووەک، خۆراک و ئالیک، بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی بەکاربەران لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام رۆژی دووشەممە 13-7-2026 بڕیاری قەدەخەکە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. لە لیستەکەدا ناوی دوو جۆر چای رەش بڵاوکراوەتەوە و راگەیێندراوە کە لە ئەنجامی پشکنینەکاندا دەرکەوتووە، لەو بەرهەمانەدا ماددەی رێگەپێنەدراو و قەدەخەکراو دۆزراوەتەوە. بەگوێرەی ئەنجامی پشکنینەکانی وەزارەتەکە، لە مارکەکانی (نورچای فیلیز) و (نورچای ئاڵتن باشاک) کە لەلایەن کۆمپانیای ئیسار لە ئیستەنبووڵ بەرهەمدێن، ماددەیەکی بۆیە دۆزراوەتەوە کە پێچەوانەی یاسا و رێساکانە و رێگە پێنەدراوە. وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا هەروەها رایگەیاند، بە مەبەستی پاراستنی تەندروستیی گشتی، پشکنینەکانی خۆراک بەردەوام دەبن. لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، رێکارە یاساییە پێویستەکان بەرامبەر ئەو شوێنانەی بەرهەمی رێگەپێنەدراو دروست دەکەن، بەردەوام دەبن. بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، پار لەو وڵاتەدا 1.3 ملیۆن تۆن چای تازە و 256 هەزار تۆن چای وشک بەرهەمهێندراوە. لە تورکیادا چای بە رێژەیەکی بەرز لە پارێزگاکانی ریزە، ترابزۆن، ئارتڤین و گیرەسون بەرهەمدەهێندرێت. .