سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لە پێناوی تۆکمەکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا و بونیاتنانی ئاشتی لە ناوچەکەدا، لە کارکردن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بەردەوام دەبن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، چەند بابەتێکی رۆژەڤی لەگەڵ وەزیرانی وڵاتەکەی تاوتوی کردن، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا قسەیکرد.
کۆبوونەوەی کابینە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 13-7-2026 لە کۆشکی کۆماری بە سەرکردایەتیی ئەردۆغان بەڕێوەچوو.
یەکێک لەو تەوەرانەی ئەردۆغان باسی کرد، سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بوو بۆ ئەنقەرە بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ناتۆ.
ئەردۆغان گوتی: "بەڕێز ترەمپ وەکو سەرۆکی دەوڵەت دوای 17 ساڵ بە سەردانێکی فەرمی لە ئەمریکاوە گەیشتە تورکیا، ئەم سەردانە زۆر مانادار بوو. هەروەها بە خۆشحاڵییەوە پێشوازیمان لە پەیامە باشەکانی لەبارەی وڵاتەکەمان کرد".
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها لەبارەی هەنگاوی داهاتوویان لەگەڵ واشنتن گوتی: "لەپێناوی تۆکمەکردنی پەیوەندیی تورکیا و ئەمریکا، گەیاندنی قەبارەی بازرگانیمان بە 100 ملیار دۆلار، بونیاتنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەمان، لە کارکردن لەگەڵ بەڕێز ترەمپ بەردەوام دەبین".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە 36ـەمین لووتکەی سەرۆک دەوڵەت و حکومەتەکانی ناتۆ لە رۆژانی 7-8ی تەمموز گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو: "لەبەر ئەو رێزەی بۆ سەرۆککۆمار ئەردۆغان هەمە، دەچمە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە."
ئەو دوای 17 ساڵ بووە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کە سەردانی تورکیا بکات، دوای ئەوەی دوایین جار باراک ئۆباما نیسانی 2009 سەردانی ئەو وڵاتەی کردبوو.



