نەجدەت تەکڤا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، تیشک دەخاتە سەر گرنگیی ماسیی (دارەخ) و کۆتاییهاتنی وەرزێکی دیکەی قەدەخەی راوکردن لە دەریاچەی وان.
لە رۆژی 15ی تەممووزەوە قەدەخەی راوی ماسیی دارەخ لە وانی باکووری کوردستان کۆتایی هاتووە و راوچییان دەستیان بە ماسیگرتن کردووەتەوە. تەکڤا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ماسییە تەنیا گیانلەبەرە لە دەریاچەی واندا بژیت و هەزاران ساڵە ئەو "گەشتە پیرۆزە" ئەنجام دەدات. ئەو گوتی: "لە چوارچێوەی ئەم گەشتەدا، هەموو ساڵێک لە نێوان 15ی نیسان تاوەکو 15ی تەممووز پڕۆسەی قەدەخەکردنی راو هەیە تاوەکو پارێزگاری لە زۆربوونیان بکرێت."
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان لەبارەی ناسنامەی ماسیی دارەخ رایدەگەیێنێت کە ماسیی وان نیشانەی جوگرافیی تۆمارکراوی هەیە. ئەو روونی کردەوە: "ئێمە پڕۆسەی تۆمارکردنی ماسییەکە و تەنانەت شێوازی ئامادەکردنەکەشیمان تەواو کردووە؛ بۆ نموونە 'ماسیی وان لە تەندووردا' 5 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن ژوورەکەمانەوە تۆمار کرا." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە سووڕی ژیانی ماسییەکە لەلایەن زانکۆی یوزونجو یڵـەوە تۆمار کراوە و ناسراوییەکەی گەیشتووەتە لووتکەی ئاستی نێودەوڵەتی.
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو لەبارەی گۆڕینی ناوی دەریاچەی وان بۆ (دەریای وان)، تەکڤا گوتی: "لە ساڵی 2016دا دەریاچەی وان لە رووی یاساییەوە وەک (دەریا) پێناسە کرا. ئێمەش نوێنەرایەتیی ژووری بازرگانیی دەریاییمان دامەزراندووە و ئێستا بە فەرمی وەک (دەریای وان) دەناسرێت."
نەجدەت تەکڤا جەختی لەوە کردەوە، ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵانی پێشوو راوکردنی نایاسایی کەمتەر بووە، ئەمەش بەهۆی چاودێریی چڕی هێزە ئەمنییەکان و هاوئاهەنگی خەڵکی ناوچەکە بووە. ئەو ئاماژەی بە کەمپەینی " راوی ناکەین، نایفرۆشین و نایخۆین" کرد کە ساڵانە لە وەرزی زاوزێدا ئەنجامی دەدەن و گوتیشی: "ئەم تێگەیشتنە کلتوورییە گەشەی کردووە و چیدیکە خەڵک بە چاوێکی ئاسایی سەیری سەرپێچییەکان ناکەن."
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد بۆ بەدواداچوونی بەردەوام و گواستنەوەی راستییەکان لەو قۆناخــە هەستیارانەدا و دووپاتی کردەوە کە "ماسیی دارەخ بەهایەکی نیشتمانیی هەیە و دەبێت هەمووان بیپارێزن."

دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: وەک دەزانرێت قەدەخەی راوکردنی ماسیی دارەخ کۆتایی هات. سەبارەت بەو پڕۆسە نوێیەی کاژێر 12ی شەوی 16ی تەممووز دەستی پێ کردووە، دەتەوێ چی بڵێیت؟ ئایا هیچ چالاکییەک، فێستیڤاڵ یان بەرنامەیەک لەمبارەیەوە هەیە؟
نەجدەت تەکڤا: شایەتیی نمایشێکی سروشتیی دەگمەن دەبین کە لە جیهاندا بێوێنەیە. سەرەتا با ئەوە بڵێم؛ جۆش و خرۆشێکی زۆر هەیە بۆ روودانی دیاردەیەکی سروشتیی بێوێنە لە شارەکەماندا. بێگومان ئەم پڕۆسەیە هەزاران ساڵە بەردەوامە. تەنیا یەک گیانلەبەر لە دەریاچەی واندا دەژی کە هەزاران ساڵە ئەو گەشتە پیرۆزە دەکات. لە چوارچێوەی ئەم گەشتە پیرۆزەدا، هەموو ساڵێک لە نێوان 15ی نیسان تاوەکو 15ی تەممووز قەدەخەکردنی راو هەیە تاوەکو مانا بەم گەشتە ببەخشێت. باسی گەشتی پیرۆزی ماسیی دارەخ دەکەین کە بە ماسیی دەریاچەی وان یان ماسیی وانیش ناسراوە. ئەمە دیاردەیەکی سروشتیی ئەوەندە ناوازەیە کە پێویستە هەموو مرۆڤایەتی خاوەندارێتیی لێ بکات. ماسیی دارەخ وەک تاکە گیانلەبەر کە خۆی لەگەڵ ئاوی سۆدەیی و سوێری دەریاچەی وان گونجاندووە. سەرەتا لە ئاوە شیرینەکاندا کۆ دەبنەوە و دوای گەرادانان، بە پێچەوانەی ئاراستەی ئاوەکە مەلە دەکەن و دەست بە گەشتی زۆربوون دەکەن. لەم گەشتە سەختەدا زۆر دیاردەی سروشتی هەن کە پێویستە وانەیان لێ وەربگیرێت و بپارێزرێن. گەشتی پیرۆزی ماسیی وان کە خەڵکی وان بە هەستیارییەکی زۆرەوە دەیپارێزن. ئێستا گەشتی گەڕانەوەی بێچووەکان بۆ ناو دەریا لە نێوان 15ی نیسان تاوەکو 15ی تەممووز دەست پێ دەکات؛ کۆچێکی پێچەوانە دووبارە دەست پێ دەکاتەوە. ئەمە بە راستی پڕ جۆش و خرۆشە و پێویستە هەموومان هەستیاری، خاوەندارێتی و رێزی پێویست بەرامبەر ئەم گەشتە ناوازەیەی سروشت نیشان بدەین. بۆیە پێم وایە پێویستە لە سەرووی هەموویانەوە خەڵکی وان و هەموو ئەو کەسانەی لە نزیک دەریاچەی واندا دەژین، بە جۆش و خرۆش و پشتیوانی و خاوەندارێتییەکی گەورەوە ئەم گەشتە پیرۆزە بە خەڵکی دیکەی جیهان رابگەیێنن و بیپارێزن. بابەتێکی یەکجار گرنگە. نزیکەی 400 ساڵ لەمەوبەر (ئەولیا چەلەبی) کە سەردانی شارەکەمانی کردووە، ئەم گەشتەی وەک پەرستش ناوزەد کردووە؛ بەتایبەتی گەڕانەوەی ماسیی وان بۆ رەگ و ریشەی خۆی لە وەرزێکی دیاریکراوی ساڵدا، وەک گەشتی (حەج) وەسف کردووە. ئەم بابەتەی کە ئەمڕۆدا پێی دەڵێین "گەشتی زۆربوون"، لە هەمان کاتدا بە مانای سووڕی ژیانی گیانلەبەرێک دێت. پێم وایە ئەم سووڕی ژیانە دەبێت ببێتە نموونە بۆ هەموو ئەوانی دیکە و پێویستە بە هەستی خاوەندارێتی و پاراستنێکی گەورەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. بەڵام لە هەمان کاتدا ماسیی دارەخ بەهایەکی ئابوورییە؛ لەم رووەوە بەرهەمی ساڵانەی نزیکەی 15,000 تۆنە. سەدان خێزان لەو کاتانەی راوکردن قەدەخە نییە، بە راوکردنی ئەم ماسییە بژێوی خۆیان دابین دەکەن. بۆ ئەم مەبەستەش سەدان بەلەمی راوچی لەسەر دەریای وان بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان بەدەست دەهێنن. کاتێک لەم رووانەوە تەماشا دەکەین، دارەخ وەک بەهایەکی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتووری لە ناو سیستمێکی ژینگەیی بێوێنە لە جیهاندا بەردەوامە لە ژیان. هەموو جیهان تامەزرۆی بینینی ئەو سووڕەی دارەخە.

رووداو: کاتێک باسی دارەخ دەکەیت زۆر جار جەخت لەوە دەکەیتەوە کە 'وێنەی نییە'؛ ئەمە بە راستی ناساندنێکی زۆر بەهێزە. بەهۆی ئەوەی ئەم جۆرە ماسییە کە خەڵکی ناوچەکە پێی دەڵێن 'دارێخ' تەنیا لە واندا هەیە؛ ئایا بۆ تۆمارکردنی ئەم بەهایە داواکاریتان پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان یان رێکخراوە نێودەوڵەتییە هاوشێوەکان کردووە؟ هەروەها ئایا کارێکی واتان کردووە بۆ وەرگرتنی نیشانەی جوگرافیی نێودەوڵەتی بۆ دارەخ؟
نەجدەت تەکڤا: ئێستا بێگومان لەو رۆژەی کە ئەم گەشتە پیرۆزە کۆتایی دێت، واتە لە 15ی تەممووزدا، چالاکییەکی لەو شێوەیە نییە. بەڵام شارۆچکەی ئەرجیشی ئێمە فێستیڤاڵی دارەخ رێک دەخات. لەوێ لە چەمی کاراسوو کە چڕترین کۆچی دارەخی تێدا دەبینرێت، هەموو ساڵێک لە 15ی ئایاردا فێستیڤاڵێک هەیە. بێگومان لەو رۆژەدا جووڵەیەکی زۆری کۆچکردن دەبینرێت. بەتایبەتی پڕۆسەی راوکردنی دارەخ لەلایەن باڵندەی نەوڕەسەوە هەیە. ئەمانە لە میدیاکانی جیهانیشدا بڵاو دەبنەوە. فێستیڤاڵێک هەیە کە هەموو ساڵێک لە 15ی ئایاردا لە شارەکەمان بە ناوی فێستیڤاڵی دارەخ بەڕێوە دەچێت. بەڵام لەو رۆژانەی کۆچەکە دەست پێ دەکات (15ی نیسان) و ئەو کاتەی کۆچەکە کۆتایی دێت (15ی تەممووز)، چالاکییەک بەم شێوەیە رێكناخرێت. بەڵام بۆ ناساندنی دارەخ بە جیهان، بەرپرسانی ئەرجیش، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەوێ، تەنانەت ئێمەش لە وان دەبین؛ لەگەڵ خێزان، منداڵ و نەوەکانمان بەردەوام دەبین لە زیندووراگرتنی ئەم گەشتە پیرۆزە لە یادەوەرییەکانماندا.
رووداو: کاتێک باس لە دارەخ دەکەیت زۆر جار جەخت لەوە دەکەیتەوە کە 'وێنەی نییە'؛ ئەمە بە راستی دروشمێکی ناساندنی زۆر بەهێزە. بەهۆی ئەوەی ئەم جۆرە ماسییە کە خەڵکی ناوچەکە پێی دەڵێن 'دارێخ' تەنیا لە واندا هەیە؛ ئایا بۆ تۆمارکردنی ئەم بەهایە داواکاریتان پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان یان رێکخراوە نێودەوڵەتییە هاوشێوەکان کردووە؟ هەروەها ئایا کارێکی واتان کردووە بۆ وەرگرتنی نیشانەی جوگرافیی نێودەوڵەتی بۆ دارەخ؟
نەجدەت تەکڤا: بێگومان ماسیی دەریاچەی وان لە بنەڕەتدا لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی وانەوە وەک بەرهەم و ئاژەڵێک تۆمار کراوە. رێک وەک پشیلەی وان. واتە هەموو ئەو شتانەی لە واندا دەژین زۆر دەگمەنن. شارەکەمان بەتایبەتی لە رووی بەرزی لە ئاستی دەریا و ئەو جوانییە سروشتییانەی هەیەتی، خاوەنی بەهای بێوێنەیە. یەکێک لەوانەش ماسیی دەریاچەی وانە. لەم چوارچێوەیەدا، ماسیی وان نیشانەی جوگرافیی تۆمارکراوی هەیە. ئێمە وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئەم پڕۆسانەمان تەواو کردووە. شێوازی لێنانیشییمان (ئامادەکردنی ماسییەکە) تۆمار کردووە. بۆ نموونە "ماسیی وان لە تەندووردا" 5 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن ژوورەکەمانەوە بە نیشانەی جوگرافی تۆمار کرا. هەروەها خۆشی لە ناو سووڕی ژیانی خۆیدا لەلایەن زانکۆی یوزونجو یڵ تۆمار کراوە. لەم رووەوە، ناسراوییەکەی لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی تۆمار کراوە.
رووداو: لە قسەکانتدا دەستەواژەی 'دەریای وان'ت بەکارهێنا. سەرۆککۆماری تورکیاش لێدوانێکی وەهای هەبوو. ئایا هەوڵێکی دامەزراوەیی یان کارێک لەم بارەیەوە هەیە بۆ ئەوەی ئەم دەستەواژەیە ببێتە فەرمی و وەک 'دەریا' ناوببرێت؟
نەجدەت تەکڤا: بێگومان لە ساڵی 2016دا دەریاچەی وان لە رووی یاساییەوە وەک "دەریا" پێناسە کرا. ئێمەش لە کۆتایی ساڵی 2016دا، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی لە رووی یاساییەوە وەک دەریا پێناسە کرابوو، نوێنەرایەتیی ژووری بازرگانیی دەریاییمان دامەزراند. ئێستا بە فەرمی وەک "دەریای وان" پێناسە کراوە. سەبارەت بە ژێرخانی دامەزراوەییشی، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان کارە پێویستەکانی کردووە. نوێنەرایەتیی ژووری بازرگانیی دەریاییمان لە وان دامەزراند و توانیمان دەرفەتی بەکارهێنانی سووتەمەنیی بێ باجی بۆ بەلەمە بازرگانییەکان و بەلەمەکانی راوچییان لەسەر دەریاکە دابین بکەین. هەرچەندە بڵێین دەریاچەی وان، بەڵام لە رووی یاسایی و فەرمییەوە لە تۆمارەکاندا وەک دەریای وان جێگیر بووە.
رووداو: دەمەوێت ئاماژە بە رەهەندی ئابووری و چاودێریی بابەتەکە بکەم. نزیکەی چەند خێزان لە ناوچەکەدا بژێوی ژیانیان راستەوخۆ لە رێگەی دارەخەوە دابین دەکەن؟ ئایا هیچ ئامارێکی ئابووریی نوێتان بۆ ئەمساڵ لەبەردەستدایە؟ هەروەها ئێستا لە وەرزی قەدەخەی راوکردنداین؛ دۆخی بەرەنگاربوونەوەی راوکردنی نایاسایی لە ئەم ساڵدا چۆنە؟ ئایا ژمارەی پێشێلکارییەکان کە لە ئامارەکاندا رەنگی داوەتەوە، بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمبوونەوە هەیە؟
نەجدەت تەکڤا: هەڵمەتی زۆر تایبەت هەبوون. بەتایبەتی لەو کاتانەی ماسییەکە لە چەمە ئاوە شیرینەکاندا کۆ دەبێتەوە، ئاسان راودەکرێن. بەڵام ساڵانێکی زۆرە هەوڵێک هەیە بۆ رێگریکردن لەوە لە رێگەی رێوشوێنی ئەمنییەوە. سوپاسی ئەوانە دەکەم کە ماندوو بوون، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، راستییەک هەیە کە جارجارە رووبەڕووی راوکردنی نایاسایی دەبینەوە. وەک ئاماژەت پێ دا، ئەمساڵ زۆر کەم بوو، بەڵام لە ماوەی ساڵاندا ئەم کۆچی زۆربوونە کە شایستەی رێزێکی زیاترە، وردە وردە لە ناو تێگەیشتنی خەڵکیشدا بۆ پاراستن گەشە دەکات. ئێمە کەمپەین دەکەین؛ بە دروشمی "راوی ناکەین، نایفرۆشین و نایخۆین" هەموو ساڵێک لە 15ی نیسانەوە تاوەکو 15ی تەممووز هەوڵ دەدەین ئەم دروشمە بکەینە تێگەیشتنێکی کلتووری. زانیاریی نوێم لەبەردەستدا نییە، واتە هێشتا زانیاریی ئەوەم نییە کە ئەمساڵ چەند حاڵەتی راوکردنی نایاسایی هەبووە. بەڵام دەتوانم بە روونی ئەوە بڵێم کە نزیکەی 80 بەلەمی راوکردنمان هەیە و دەتوانم بڵێم کە ئەمە بەهایەکی ئابوورییە بۆ بژێوی سەدان خێزان.

رووداو: بەڕێز سەرۆک، سوپاس بۆ ئەو زانیارییانەی پێتمان دان. هیچ خاڵێکی دیکە هەیە کە بتەوێت لە کۆتاییدا باسی بکەیت؟
نەجدەت تەکڤا: زۆر سوپاس بۆ گرنگیدانتان و بۆ هەستیاریتان لە گەیاندنی ئەمە بە جیهان. من بە رێزەوە دەڕوانمە ئەم هەوڵانەی رووداو. وەک گوتم، ئەمە تەنیا بابەتێکی پەیوەندیدار بە وان نییە؛ رووداوێکی سروشتییە کە پێویستە هەموو جیهان بە بایەخەوە بەدواداچوونی بۆ بکات و تێیدا بەشدار بێت. ئەگەر توانیبێتمان هاوکار بین و مانا بەم پڕۆسەیە پیرۆزە ببەخشین، جێی دڵخۆشییە.
رووداو: سوپاس، ماندوو نەبن.
نەجدەت تەکڤا: زۆر سوپاس، دەستخۆش.



.jpg&w=3840&q=75)