رووداو دیجیتاڵ
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دوورخراوەی پارتی گەلی کۆماریی تورکیا (جەهەپە) دەڵێ، پارتێکی نوێ دەدامەزرێنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تەممووزی 2026 ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دوورخراوەی جەهەپە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی جەهەپە لە پەرلەماندا ماڵئاوایی کرد و رایگەیاند، پارتێکی نوێ دامەزرێنێت. ئۆزەل لە گوتارەکەیدا بۆ پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی جەهەپە رایگەیاند، "بە خەمی ماڵئاواییەکەوە لەبەردەمتان وەستاوم کە کاتی هاتووە."
ئۆزەل باسی لە دۆخی نێو جەهەپە کرد و گوتی، "کەس وانەزانێت بێدەنگ دەبین. مێژوو هەمووان بەپێی هەڵوێستی ئەمڕۆ تۆمار دەکات. کێبڕکێمان کرد، بردمانەوە و سەرۆکی گشتیی جەهەپەی ئەو کاتەمان بە هەڵبژاردن گۆڕی. لەگەڵ ئەوەیشدا تێگەیشتنی بەڕێوەبردن لە وڵاتدا گۆڕا، بەڵام جارێکی دیکە یەکدی دەبینینەوە."
ئۆزەل گوتیشی، "ئەمڕۆ لە لێواری ماڵئاواییەکداین کە بە ناچاری کاتی هاتووە، بەڵام ئومێدی سەرەتایەکی نوێش لە ناخماندا هەیە. ئێمە باڵەخانەی جەهەپەمان جێهێشت، بەڵام لە کاتی دەرچووندا میراتەکهی جەهەپەمان لەگەڵ خۆمان برد. روومان بەرەو کاروانی ئومێد وەرگێڕاوە. ئەو رێگەیەی موستەفا کەمال ئەتاتورک دیاریی کرد، رێگەی ئێمەیە. قبووڵی ناکەین ببینە ئۆپۆزیسیۆنێکی کۆنترۆڵکراو."
لەبارەی دامەزراندنی پارتێکی نوێی سیاسی، ئۆزەل رایگەیاند، "ئەمە دابڕان نییە. ئەمە هەنگاوی جیدیە بۆ بونیادنانی دەسەڵاتێکی بەهێزتر لە تورکیادا. پارتە نوێیەکەمان دەدامەزرێنین و پیرۆز بێت. ئەمڕۆ کاتێک ماڵئاوایی لەم سەکۆیەی گرووپی جەهەپە دەکەین، هەرگیز سەکۆی پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن جێناهێڵین. رێگەمان کراوە بێت، بەرەو دەسەڵات هەنگاو دەنێین."
دادگەی تورکیا بڕیاری "پووچەڵکردنەوەی رەها"ی بۆ ئەو 36ـەمین کۆنگرەی جەهەپە دەرکرد کە لە ساڵی 2023دا بەڕێوەچوو و تێیدا ئۆزگور ئۆزێل وەک سەرۆکی جەهەپە هەڵبژێردرا. بەپێی ئەم بڕیارە یاساییە، ئەنجامی کۆنگرەکە هەڵوەشێنرایەوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی جەهەپە، گەڕایەوە سەرۆکایەتیی پارتەکە. ئەم بڕیارە بووەهۆی دروستبوونی ناکۆکیی قووڵ لە نێوخۆی جەهەپە و ئۆزگور ئۆزەل و لایەنگرانی بڕیاریاندا ئەگەر دادگای باڵا ئەو بریارە هەڵنەوەشێنێتەوە رێگەی سیاسیی خۆیان بگۆڕن.



.jpg&w=3840&q=75)
