رووداو - دیجیتاڵ
عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا دوای کۆبوونەوەی
لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بەشێکی
زۆر تەواو بووە و ئامانجیانە لە ئەمساڵدا بەردی بناخەکەی دابنێن.
وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا کە بە سەردانێکی فەرمی لە عێراقە، رۆژی
سێشەممە 21-7-2026 دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی زەیدی هیوای خواست ئەم ساڵ دەست بە
پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بکەن.
ئوراڵئۆغڵو دوای کۆبوونەوەکە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی سازکرد و لە بەشێکیدا
ئاماژەیکرد کە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و گوتی:"لە دۆخی
ئاسایی و نائاساییدا بینیمان رێڕەوەکانی گواستنەوە لە رووی بەیەک بەستنەوەوە چەندە
بەهادارن! جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە باکوورەوە، دۆخی عێراق و ململانێی نێوان
ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل کە زۆر لێمانەوە نزیکە؛ پێویستە وانەیان لێ وەربگرین. ئێمە
پێشتر پلانداڕێژیمان کردبوو کە چۆن ئەو قەیرانانە بەڕێوەببەین کە بەهۆی ئەو
پشێوییانەوە دروست دەبن."
ئوراڵئۆغڵو رایگەیاند، پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان تەوەری سەرەکیی سەردانەکەی ئەمڕۆی
بووە و گوتی:"دەتوانین بڵێین پڕۆژەکە تەواو بووە، تەنیا کەم و کوڕیی وردی ماوە.
هەر بۆیە دەکرێت بە تەواوبوو دابنرێت".
"عەلی زەیدی
پێشنیازەکانی بە ئەردۆغان دەگەیەنێت"
ئوراڵئۆغڵو راشیگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند پێشنیازێکی لە بابەتی
دارایی پرۆژەکە هەبووە و چاوەڕێ دەکەن لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ تورکیا و لە کۆبوونەوەی
لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بڕیاری کۆتاییان لەسەر بدرێت.
گوتیشی:"هیوادارین ئەمساڵ دەست بە رێگەی گەشەپێدان بکەین. ئێمە لە تورکیا پێی دەڵێین (دانانی بەردی بناخە)
و لە عێراقیش سەرۆکوەزیران دەڵێت (با یەکەمین بەردی پرۆژەکە دابنێین) کە هەردووکی
بە مانای دەستپێکردنی کارەکەیە".
وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا هەروەها دەڵێ، ئەگەر بتوانن پرۆسەکە بە
دروستی بەڕێوەببەن کە هیچ رێگرییەک لەبەردەمیدا نابینرێت و ویستێکی زۆریش هەیە، ئامادەن
ئەم ساڵ دەستی پێدەکەن.
راشیگەیاند لەگەڵ وەزیری گواستنەوەی عێراقیدا گفتوگۆیان لەبارەی تۆڕەکانی
فایبەر ئۆپتیکیشەوە کردووە کە پێویستە لە ناو پڕۆژەکەدا هەبێت و گوتی:" دەمانەوێت
لە ماوەی کەمتر لە پێنج ساڵدا، پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بە بابەتی فایبەر ئۆپتیکەوە
تەواو بکەین."
وەزیر ئوراڵئۆغڵو لە بەغدا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەهەب سەلمان
محەممەد، هاوتا عێراقییەکەی و مستەفا سەنەد، وەزیری گواستنەوەی عێراق کۆبووبووەوە
و گفتوگۆیان لەبارەی رێگەی گەشەپێدان و چەند بابەتێکی دیکە کرد.
زەیدی سەردانی تورکیا دەکات و لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبێتەوە
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە رۆژی 22ی حوزەیرانی
2026، بڵاوکرایەوە، عەلی فالح زەیدی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ رەجەب تەیب
ئەردۆغان چەند دۆسیەیەکی سەرەکیی تاوتوێ کردووە. لە سەرووی هەموویانەوە پرسی هەناردەکردنی
نەوتی عێراق لە رێی بۆریی کەرکووک - جەیهان و کارکردنی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی میکانیزمەکانی
گەیاندنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا.
تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکە رێگەی گەشەپێدان بوو؛ هەردوولا هاوڕابوون لەسەر
گرنگیی ئەم پڕۆژەیە و رۆڵە ستراتیژییەکەی لە بەستنەوەی ئابووری و بازرگانیی نێوان
هەردوو وڵات و ناوچەکە و جەختیان کردەوە لە " جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بەهۆی ئەو
بایەخە گەورەیەی بۆ عێراق و تورکیا هەیەتی."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بانگهێشتی
سەرۆکوەزیرانی عێراقی بۆ ئەنقەرە کردووە و بڕیارە لە کۆتایی مانگی تەممووزدا عەلی
زەیدی بگاتە ئەوێ.


.jpg&w=3840&q=75)
