رووداو - دیتیجاڵ پلاتفۆرمی یەکێتیی ژنانی کورد لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان ناڕەزایی بەرامبەر هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان نیشاندا. پلاتفۆرمی یەکێتیی ژنانی کورد بە مەبەستی سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە دەروازەی سنووریی کاپیکۆی لە پارێزگای وان گردبوونەوەیەکی سازکرد. ئەندامانی پلاتفۆرمەکە کە لەبەردەم دەروازەی سنووریی کاپیکۆی (باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە) رێپێوانێکیان سازکرد و دروشمیان دژی هێرشەکانی ئێران گوتەوە. دیبا کەسکین، بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی یەکێتیی کورد و ئەندامی پلاتفۆرمەکە راگەیێندراوی ناڕەزایی خوێندەوە، تێیدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد و گوتی:" ژنان لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا لە تێکۆشان بەردەوام دەبن". لالش بیچملی، گوتەبێژی پلاتفۆرمەکە گوتی:" ئێران ساڵانێکی زۆرە سیاسەتی گوشار و لەسێدارەدان دژی کورد لە شارە کوردییەکانی ئەو وڵاتەدا جێبەجێ دەکات". بیچملی هەروەها رایگەیاند، دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران، تاران ئۆپەراسیۆنەکانی بۆسەر باشووری کوردستان چڕتر کردووەتەوە و لە چەند رۆژی رابردوودا لە سلێمانی و هەولێر، هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر کەمپی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و چەندین پێشمەرگەی ئەو حیزبانە گیانیان لەدەستداوە. ناڕەزاییەکە بە بانگەوازێک بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی ئێران بۆسەر کورد و گرتنەبەری هەڵوێستێکی بەهێزتر لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە کۆتایی هات.