رووداو دیجیتاڵ
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دوورخراوەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رۆژی سێشەممە 21-7-2026 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆندا دەرچوونی خۆی لە پارتەکە و دامەزراندنی پارتێکی نوێی راگەیاند. بەگوێرەی زانیاریی سەرەتایی، پارتە نوێیەکە دەبێتە دووەمی پەرلەمان و جەهەپەش دەبێتە چوارەم.
بەهۆی ئەوەی ئۆزگور ئۆزەل هێشتا بە فەرمی پارتەکەی لە وەزارەتی نێوخۆی تورکیا تۆمارنەکردووە، دابەشبوونی کورسییەکان نوێ نەکراوەتەوە.
کورسییەکانی پەرلەمانی تورکیا (پێش دابەشبوونی جەهەپە)
ئاکپارتی؛ 277 کورسی
جەهەپە؛ 135 کورسی
دەم پارتی؛ 56 کورسی
مەهەپە: 46 کورسی
ئیی پارتی؛ 29 کورسی
یەنی یۆڵ؛ 20 کورسی
دوای ئەوەی ئۆزگور ئۆزەل بڕیاری خۆی بۆ دامەزراندنی پارتێکی نوێ یەکلایی کردەوە، پەیتا پەیتا پەرلەمانتاران لە جەهەپە دەردەچن و ویستی خۆیان بۆ چوونە نێو پارتە تازەکەوە دەردەبڕن کە بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان (یانی پارتی) واتە (پارتی نوێ) ناوەکەیەتی.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیای تورکیادا بڵاوکراونەتەوە، 84 پەرلەمانتاری جەهەپە پەیوەندییان بە پارتەکەی ئۆزگور ئۆزەلەوە کردووە. ئەگەرچی ئەو ئامارە هێشتا بە فەرمی یەکلایی نەکراوەتەوە، ئەو 84 پەرلەمانتارەش هەواڵەکەیان بە درۆ نەخستووەتەوە.
چوونی 84 پەرلەمانتار بۆ پارتە نوێیەکەی ئۆزەل، دابەشبوونی کورسییەکانی پەرلەمانی تورکیا بەمشێوەیە دەگۆڕدرێ:
ئاکپارتی؛ 277 کورسی
پارتەکەی ئۆزگور ئۆزەل؛ 84 کورسی
دەم پارتی؛ 56 کورسی
جەهەپە؛ 51 کورسی
مەهەپە؛ 46 کورسی
ئیی پارتی؛ 29 کورسی
یەنی یۆڵ؛ 20 کورسی
گۆڕانکارییە گەورەکە لە ریزبەندی پارتەکاندا بەدەردەکەوێ. جەهەپە لە پلەی دووەمەوە دادەبەزێتە پلەی چوارەم و دەکەوێتە دوای ئاکپارتی، پارتەکەی ئۆزگور ئۆزەل و دەم پارتی.
هەروەها دەم پارتی هەر لە پلەی سێیەمدا دەمێنێتەوە.
ئایا جەهەپە دەتوانێت سوود لە هاوکاریی دەوڵەت وەربگرێ؟
لەگەڵ هەنگاوەکانی ئۆزگور ئۆزەل و هاوڕێکانی بۆ راگەیاندنی پارتە نوێیەکە، پرسی هاوکاریی دەوڵەتیش هاتووەتە ئاراوە.
بەگوێرەی رێوشوێنە یاساییەکانی ئێستا، پێکهێنانی فراکسیۆنێکی بەهێز لە پەرلەمانی تورکیا بە تەنیا بەس نییە بۆ بەدەستهێنانی هاوکاریی دارایی دەوڵەت. بۆ ئەوەی پارتێکی نوێ لە هاوکاریی دەوڵەت سوودمەند ببێت، پێویستە لە یەکەم هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانیی داهاتوودا کە بەشداریی تێدا دەکات، لانیکەم رێژەی 3٪ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت. ئەمە لەکاتێکدایە ئۆزگور ئۆزەل دڵنیایی داوە لەوەی ژمارەی پەرلەمانتارانی پارتە تازەکەی لانیکەم 90 پەرلەمانتار تێدەپەڕێنێت.
بەگوێرەی یاسای ژمارە 2820ــی پارتە سیاسییەکان، هاوکاریی دەوڵەت بەگوێرەی ژمارەی پەرلەمانتاران دیاری ناکرێ، بەڵکو بەگوێرەی رێژەی ئەو دەنگانە دیاری دەکرێ کە لە دوایین هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانیدا بەدەستهاتوون. لەبەر ئەم خاڵە، پارتە نوێیەکەی ئۆزەل هەتا کاتی هەڵبژاردنیکی دیکەی پەرلەمان، ناتوانێ سوود لە هاوکاریی دەوڵەت وەربگرێت.
ئەگەر بریارەکە بەمشێوەیە جێبەجێ بکرێ، ئەو پارتە نوێیەی ئۆزگور ئۆزەل ناچار دەبێت هەتا هەڵبژاردنی داهاتوو کە بەگوێرەی رۆژژمێری دامەزراوەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا 2028 بەڕێوەدەچێت، لەڕێی ئابوونەی ئەندامانییەوە چالاکییەکانی بکات.
کێشەی جەهەپە
رۆژی 21-5-2026 دادگەی ئەنقەرە لە بڕیارێکدا 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەی لە ساڵی 2023 بە "پووچەڵ و ناکاریگەر" هەژمار کرد. بەمەش هەڵوەشاندنەوەی رەهای بۆ تەواوی کۆنگرەکە دەرکرد و ئۆزگور ئۆزەل لە سەرۆکایەتیی پارتەکەی کەوت.
کەمال کڵچدارئۆغڵو کە سەرۆکی پێشووی پارتەکەیە و لە کۆنگرەکەدا شکستی هێنابوو، گەڕێندرایەوە سەر پۆستەکەی.
رۆژی 21-7-2026 ئۆزگور ئۆزەل دەرچوونی خۆی لە جەهەپە و دامەزراندنی پارتێکی نوێی راگەیاند.
جەهەپە
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رۆژی 9-9-1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک وەکو یەکەمین پارتی ئەو وڵاتە دامەزرا. هەر لەبەر ئەمەشە بە ئۆپۆزیسیۆنی دایک دەناسرێ.
جەهەپە پارتێکی چەپی سۆسیال دیموکراتە، لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەر یەک بە تەنیا حکومەتی پێکهێنا.
پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند.
لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە بە هاوپەیمانیی چەند پارتێکی دیکە حکومەتی پێکهێنا.
لە کودەتاکەی 1981 بۆ چوار ساڵ داخرا و بە بڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 38 کۆنگرەی ئاسایی و 22 کۆنگرەی نائاسایی کردووە.



