رووداو دیجیتاڵ
یەکەم کۆبوونەوەی دەستەی دامەزرێنەرانی (پارتی نوێ) لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. ئۆزگور ئۆزەل بە کۆی دەنگ بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا.
دوای ئەوەی رۆژی 23ـی تەممووز دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی جەهەپە راگەیاند، ئۆزگور ئۆزەل پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 24ـی تەممووز، لە یەکەمین باڵەخانەی پەرلەمانی تورکیا کە تێیدا مستەفا کەمال ئەتاتورک، کۆماری تورکیای دامەزراند، دامەزراندنی پارتە نوێیەکەی بەناوی یەنی پارتی واتە (پارتی نوێ) راگەیاند.
ئێوارەی ئەمڕۆش ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکایەتیی یەکەم کۆبوونەوەی دەستەی دامەزراندنی پارتی نوێی کرد، دوای ئەوەی بەڵگەنامە فەرمییە پێویستەکانی رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ کرد بۆ دامەزراندنی پارتەکە.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی 95 کەسی دامەزرێنەر بەڕێوەچوو. تاکە رۆژەڤی کۆبوونەوەکە بەپێی یاسای پارتە سیاسییەکانی تورکیا، هەڵبژاردنی سەرۆک بوو. ئۆزگور ئۆزەل بە کۆی دەنگی ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر، بە یەکەم سەرۆکی ئەو پارتە نوێیە هەڵبژێردرا.
دوای کۆبوونەوەکە 80 ئەندامی دەستەی سەرکردایەتی و 15 ئەندامی دەستەی باڵای رێکار و سێ بریکاری سەرۆکی فراکسیۆن هەڵبژێردران.
بە تەواوبوونی رێکارە یاساییەکانی دامەزراندنی پارتەکە، چاوەڕوان دەکرێت لە نێوەڕاستی مانگی ئەیلوولدا یەکەم کۆنگرەی ئاسایی ئەم پارتە بکرێت.
بۆ پێکهێنانی فراکسیۆن لە پەرلەمانی تورکیادا لانیکەم 20 پەرلەمانتار پێویستن. (پارتی نوێ) بە 91 کورسییەوە نەک تەنیا بووە خاوەن فراکسیۆن، بەڵکو پێگەی "ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی" لە جەهەپە وەرگرتەوە کە کورسییەکانی لە 135 کورسی بۆ 44 کورسی دابەزیون.


