رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا دەڵێ، چاوەڕوان دەکرێ هەفتەی داهاتوو پڕۆژەیاسایەکی 15 مادەیی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لە لیژنەی کاروباری دادی پەرلەمان تاوتوێ بکرێ و دواتریش ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بكرێ.
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد گەیشتووەتە قۆناخێکی گرنگ و ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتەکەی لەرووی تەکنیکییەوە یارمەتی لە ئامادەکردنی پرۆژە یاساکە پێشکەش کردووە.
گورەلەک گوتی، بڕیاری کۆتایی لەسەر نێوەڕۆک و پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە لای پەرلەمانە.
سەبارەت بە پرسی "لێبووردنی گشتی"، گورلەک رەتیکردەوە هیچ لێبووردنێکی گشتی لە ئارادا بێت و گوتی: "هیچ هەمواردکردنەوەیەک بۆ لێبووردنی گشتی یان تایبەت لە ئارادا نییە. کارێکی وەها ئێستا لە کارنامەدا نییە."
وەزیری دادی تورکیا باسی لەوە کرد کە پڕۆژەیاساکە تەنیا تایبەت دەبێت بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)؛ ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەکە لە چوارچێوەی یەکێتیی نیشتمانی و برایەتیدا هەڵدەسەنگێنن و باسی لەوەشکرد، کۆتاییهاتنی شەڕ کاردانەوەی ئەرێنی لەسەر بە دیموکراسیبوونی تورکیا، ئاسایش و وەبەرهێنانی ئابووری دەبێت.
ئەو پرۆژە یاسایە کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری، زەوینەیەکی یاسایی بۆ پرۆسەکە و چارەنووسی پرسی چەکدانان و خۆڕادەستکردنەوەی گەریلاکانی پەکەکە دەستنیشان دەکات.
چاوەرێ دەکرێ، دوای ئەوەی پرۆژە یاساکە گەیشتە پەرلەمان، بخرێتە کارنامە و پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشووی هاوینە، پەسند بکرێ.



