کەشناسیی تورکیا هۆشداریی با و بارانی بۆ 35 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان بۆ رۆژانی شەممە و یەکشەممە بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی دوایین راپۆرتی تایبەت بە کەشوهەوا کە بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 25-7-2026 بڵاوکرایەوە، پێشبینیی دەکرێ لە هەرێمەکانی مەڕمەڕە، دەریای رەش، نێوەڕاستی ئەنادۆڵ و کەناری دەریای نێوەڕاست بارانی بەخوڕ ببارێ.
هۆشداریی (کۆدی پرتەقاڵی) بۆ 13 پارێزگا
پێشبینی دەکرێ لە هەرێمی دەریای رەش و رۆژهەڵاتی مەڕمەڕەی تورکیادا بارانی بەلێزمە ببارێ.
هەربۆیە هۆشداریی کۆدی (پرتەقاڵی) بۆ پارێزگاکانی ئاماسیا، چۆروم، ئۆردو، سامسون، سینۆپ، کاستامۆنو و تۆکات دراوە.
هاوکات بۆ پارێزگاکانی بۆڵو، کۆجائێلی، ساکاریا، زۆنگوڵداک، بارتن و دوزجەش بەهۆی ئەگەری بارانی بەخوڕ و ئەو با بەهێزەی چاوەڕوان دەکرێ هەڵبکات، هەمان هۆشداری دراوە.
هۆشداریی (کۆدی زەرد) بۆ 22 پارێزگا
لەو ناوچانەی پێشبینی دەکرێ پلەی گەرما زۆر دابەزێ، لێزمەباران و هەورەبرووسکە دەبێت. بۆ پارێزگاکانی ئەدەنە، ئەنقەرە، باڵکەسیر، بیلەجیک، بورسە، چاناککالێ، چانکڕی، ئێسکیشەهیر، هاتای، ئیستەنبووڵ، کایسەری، کڕشەهیر، کۆنیا، مەڕەش، نیغدە، سێواز، تەکیرداغ، یۆزگات، کڕککالە، یاڵۆڤا، کارابوک و عوسمانییە هۆشداریی کۆدی (زەرد) درا و جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە ئامادەکاری بۆ بارانی بەخوڕ بکرێ.
زریان و گۆڕانی پلەی گەرما
بەگوێرەی ئەو داتایانەی کەشناسی بڵاویکردوونەتەوە، پێشبینی دەکرێ خێرایی با لە کەناراوەکانی مەڕمەڕە و ئیجە بگاتە 40-60 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا؛ هەروەها لە بەشێکی باکووری کوردستاندا بگاتە 50-70 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا.
ئەوە لە کاتێکدایە، لە بەشەکانی رۆژهەڵات پلەی گەرما تاوەکو 37 پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە.
گرفتی هاتوچۆ و مەترسیی لافاو
بەرپرسانی کەشناسی هۆشدارییان دا لەوەی کە پێویستە خەڵک ئەگەرە نەرێنییەکانی وەک لافاوی لەناکاو، هەورەبرووسکە، تەرزە و بای تووند لەبەرچاو بگرن.
هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە هاووڵاتییان بەردەوام بەدواداچوون بۆ راپۆرتەکانی کەشوهەوا بکەن و لە پێشهاتەکان ئاگادار بن.
هۆشداریی کۆدی زەرد و پرتەقاڵی
ئەو کۆدانە بەو مانایە دێن پێشهاتەکانی تایبەت بە کەشوهەوا پێمان دەڵێن، لە ناوچەکەدا دۆخی نائاسایی چاوەڕوانکراوە. زۆربەی جار دوای هۆشداریی کۆدی زەرد، ئەگەر هەیە بارانی زۆر و نائاسایی، رەشەبا و لافاو دروست بن.
هۆشداریی کۆدی پرتەقاڵی نمرەیەک لە کۆدی زەرد مەترسیدارترە. کاتێک کەشناسی بە کۆدی پرتەقاڵی خەڵک ئاگادار دەکاتەوە، بەو مانایە دێت کە ئەگەری رووداوی کاریگەر هەیە و بە ئەگەرێکی زۆر ئەو کارەساتە زیانی ماڵی و گیانی دەبێت.
هۆشداریی کۆدی سوور لە زەرد و پرتەقاڵیش مەترسیدارترە و مەترسیدارەترین هۆشدارییە. کاتێکیش هیچ مەترسییەک چاوەڕوانکراو نابێت، هۆشداری بە کۆدی سەوز بڵاودەکرێتەوە کە بە مانای نزمترین ئاستی مەترسی دێت.



