رووداو دیجیتاڵ
دوای دامەزراندنی (پارتی نوێ) لە تورکیا، ئاراستەی راپرسییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. لە نوێترین راپرسیی هەڵبژاردندا، پارتی جەهەپە لەژێر بەربەستی 7٪ـی هەڵبژاردن ماوەتەوە.
بەپێی ئەو راپرسییەی کۆمپانیای (نەخشەی داتاکانی تورکیا) لە رۆژانی 25 بۆ 29ـی تەممووز لەگەڵ هەزار و 720 کەس ئەنجامداوە، (پارتی نوێ) بە رێژەی 31.2% لە پلەی یەکەمدایە، لەکاتێکدا رێژەی دەنگەکانی جەهەپە بە 4.8% دانراوە.
لە راپرسییەکەدا پرسیارکراوە، "ئەگەر ئەم یەکشەممەیە هەڵبژاردنی گشتی بکرێت، دەنگ بە کام پارت دەدەیت؟"
بەپێی راپرسییەکە کە بەئۆنلاین کراوە، (پارتی نوێ) بە رێژەی 31.2%ـی دەنگەکان لە پلەی یەکەمدایە و بە دوو خاڵ پێش ئاکپارتی کەوتووە کە لە راپرسییەکەدا بە رێژەی 29.2% لە پلەی دووەمدایە و رێژەی دەنگەکانی جەهەپەش بە 4.8% دانراوە. بەمەش جەهەپە بەهۆی ئەوەی رێژەی بەربەستی 7٪ـی تێنەپەڕاندووە، دەخرێتە دەرەوەی بازنەی پەرلەمان.
بەپێی ئەنجامی راپرسییەکە، رێژەی دەنگەکانی پارتەکان بەم شێوەیەیە:
• پارتی نوێ: 31.2%
• ئاکپارتی: 29.2%
• دەم پارتی: 8.8%
• مەهەپە: 7.5%
• جەهەپە: 4.8%
• ئیی پارتی: 4.2%
• پارتی زەفەر: 3.7%
• پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ: 3.6%
• پارتەکانی دیکە: 6.8%
رۆژی 21ـی ئایاری 2026 دادگایەکی ئەنقەرە بڕیاری "پووچەڵکردنەوەی رەها"ـی بۆ 38ـەمین کۆنگرەی جەهەپە دەرکرد کە تێیدا ئۆزگور ئۆزەل بووە سەرۆک. بەو بڕیارە، ئۆزەل و تیمەکەی رەوایەتییان لەدەستدا و کەمال کڵچدارئۆغڵو و ستافە کۆنەکەی گەڕانەوە سەر دەسەڵات، ئەوەش جەهەپەی تووشی گەورەترین قەیرانی یاسایی و سیاسیی مێژووی خۆیکرد.
رۆژی 24ـی تەممووزی 2026، ئۆزگور ئۆزەل و 91 پەرلەمانتار و زیاتر لە 100 سەرۆکشارەوانی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە جەهەپە راگەیاند و پارتێکی نوێیان بەناوی (پارتی نوێ) دامەزراند. بەدامەزراندنی، ئەم پارتە بووە دووەم گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی و هێزی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکیی تورکیا.
هەروەها لە ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەماندا، نەخشەی نوێی دابەشبوونی 592 کورسییەکەی پەرلەمانی بەم ریزبەندییە بڵاوکرایەوە:
ئاکپارتی: 277 کورسی
پارتی نوێ: 91 کورسی
دەم پارتی: 56 کورسی
مەهەپە: 46 کورسی
جەهەپە: 44 کورسی
ئیی پارتی: 29 کورسی
رێگای نوێ: 20 کورسی
پەرلەمانتارانی سەربەخۆ: 11 کورسی
هەریەک لە هوداپار و پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ 4 کورسی، پارتی کرێکارانی تورکیا 3 کورسی، پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) و پارتی رەنج هەریەکەیان 2 کورسی، پارتەکانی سەعادەت، چەپی دیموکرات و پارتی دیموکرات هەریەکەیان 1 کورسییان هەیە.
پێشتر پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە 135 کورسی گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆن و دووەم گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بوو لەدوای ئاکپارتی. لەگەڵ دروستبوونی ناکۆکییە ناوخۆییەکان و جیابوونەوەی باڵی ئۆزگور ئۆزەل، پێگەی جەهەپە وەک حیزبی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن درایە پارتی نوێ.



