رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، پڕۆژەیاسای پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد کە حکومەت بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناوی دەبات، لە رۆژانی داهاتوودا وەک پێشنیازی هاوبەشی پارتەکان دەدرێتە پەرلەمانی تورکیا.
لەکاتێکدا کارکردن لەسەر رێکخستنی یاسایی پەیوەست بە پرۆسەی چارەسەری بەردەوامە، چاوەکان لەسەر پەرلەمانن.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، پڕۆژەیاساکە لە رۆژانی داهاتوودا دەخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە و گوتی، "وەک پێشنیازێکی هاوبەشی پارتەکان دەدرێتە پەرلەمانی تورکیا."
پلانەکە بەو جۆرەیە، پێش ئەوەی پەرلەمان بکەوێتە پشووەوە، پڕۆژەیاساکە لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بکرێت و بکرێتە یاسا.
بەپێی ئەو رێکخستنە یاساییەی ئامادەکراوە، پێشبینی دەکرێت چوارچێوەی یاسایی بۆ پرۆسەی گەڕانەوەی ئەو کەسانە دیاریبکرێت کە ریزەکانی پەکەکە جێدەهێڵن.
باس لەوە دەکرێت کە رێکخستنەکە یاسایەکی کاتی و سەربەخۆ دەبێت و وەک لێبوردنی گشتی یان لێبوردنی تایبەت بۆ کەس هەژمارناکرێت.
بۆ ئەوەی یاساکە بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، پێشبینی دەکرێت میکانیزمێک بۆ دیاریکردن و پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە پەکەکە بەتەواوی چەکی داناوە، پێکبهێندرێت.
نوعمان کورتوڵموش پێشتر لە هەڵسەنگاندنێکدا سەبارەت بە بنەما سەرەکییەکانی رێکخستنەکە گوتبووی، "هەوڵدەدەین تێگەیشتنێکی هاوبەش بخەینەڕوو. ئەو چوارچێوە یاساییەی کە پەیوەستە بەوەی رێکخراوی هەڵوەشاوە [پەکەکە] چۆن بجووڵێتەوە و لە بەشی 6ـی راپۆرتی کۆمیسیۆنەکەماندا هاتووە، دەپارێزرێت. واتە ئەمە یاسایەکی کاتی و سەربەخۆ دەبێت."
کورتوڵموش هەروەها گوتی، رێکخستنەکە میکانیزمێکی بۆ دیاریکردن و پشتڕاستکردنەوەی دانانی چەکی پەکەکە لەخۆدەگرێت و رایگەیاندبوو، ئەمە بە واتای لێبوردنی گشتی یان لێبوردنی تایبەت بە کەس نایەت.
هەموو ساڵێک پەرلەمانی تورکیا لە 1ـی تەممووز دەچێتە پشووی هاوینەوە.
ئەمساڵ لە 16ـی حوزەیراندا بە بڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ماوەی کارکردنی پەرلەمان تاوەکو 22ـی تەممووز درێژکرایەوە.
لە 21ـی تەممووز لەسەر پێشنیازی فراکسیۆنی ئاکپارتی ماوەی کارکردنی پەرلەمان تاوەکو 30ـی تەممووز درێژکرایەوە. رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووز جارێکی دیکە لەسەر داوای فراکسیۆنی ئاکپارتی بۆ جاری سێیەم ماوەی کارکردنی پەرلەمان درێژکرایەوە و پەرلەمان تاوەکو 6ـی ئاب لە دانیشتنەکانی بەردەوام دەبێت.
پرۆسەی چارەسەری، رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەستیپێکرد. دواتر 27ـی شوباتی 2025، ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. هەروەها رۆژی 11ـی تەممووزی 2025 گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بەشێوەی سیمبوولی چەکیان سووتاند.
دواتر (کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرا و لە 5ـی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد. ئەو کۆمیسیۆنە رۆژی 18ـی شوباتی 2026 راپۆرتی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی پەسندکرد. ئێستا چاوەکان لەسەر هەنگاوی یاسایی و چەکدانانی کردەیی پەکەکەن.



