رووداو دیجیتاڵ
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا 242 کەسایەتیی تورکیا دژایەتی تووندی خۆیان بۆ پڕۆژەیاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) رادەگەیێنن و دەڵێن "دانوستاندن لەگەڵ رێبەری پەکەکە یان لێخۆشبوون بۆ ئەندامانی ریکخراوەکە، هیچ رەوایەتی و رێزێک بۆ دەزگاكانی دەوڵەت و پارتە سیاسییەکان بەدەستناهێنێت".
دەستە 242 کەسییەکە کە پێکهاتوون لە وەزیرانی پێشوو، باڵیۆزانی پێشوو، ئەفسەرانی سەربازی و پەرلەمانتارانی پێشوو، دژایەتی خۆیان بۆ پرۆژەیاساکە دەربڕی.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بە مادەی 66ی دەستوور کراوە و راگەیێندراوە کە گفتوگۆ لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رەتکراوەیە و بە خۆبەدەستەوەدان ئەژمار دەکرێت.
پڕۆژەیاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد، ئامانج لێی دروستکردنی زەوینە و چوارچێوەیەکی یاساییە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی چەکداری و دیاریکردنی چارەنووسی پرۆسەکە لە رووی یاساییەوە.
ئەو پرۆژەیاسایە لە 5ی ئابی 2026 بە واژۆی 360 پەرلەمانتار پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا کرا.
رۆژی 7ی ئابی 2026، دوای 13 کاژێر گفتوگۆ و تاوتوێکردنی بڕگەکانی پرۆژە یاساکە، لە لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیا پەسند کرا.
چاوەرێ دەکرێ لە چەند رۆژی داهاتوو پرۆژە یاساکە بخرێتە کارنامەی پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت.




