رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیا تاوتوێکردنی سەرجەم بڕگەکانی پڕۆژەیاسای (بەهێزکردنی پشتبەستنی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) کۆتایی پێهێنا و پرۆژەیاساکەی پەسند کرد.
دوێنێ هەینی، 7ی ئابی 2026 دانیشتنی لیژنەی داد لە پەرلەمانی تورکیا دەستی پێکرد و دانیشتنەکە 13 کاژێری خایاند.
لەو دانیشتنەدا تەواوی برگە و مادەکانی پرۆژەیاساکە تاوتوێ کران.
ئیدریس شاهین، پەرلەمانتاری پارتی (رێگەی نوێ) بە ناوی پارتەکەیەوە قسەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، شوێنی چارەسەرکردنی کێشەکان پەرلەمانی تورکیایە. ئیدریس شاهین گوتی:" کێشەی تیرۆر بە راستگۆییەوە چارەسەر دەکرێ. راستگۆیی لەو هەنگاوانەدا نابینن کە دەنرێن."
هاوکات شەرەف ئۆلگون، پەرلەمانتاری ئیی پارتی رایگەیاند: "دەبێت روونکردنەوە بدرێ لەسەر ئەوەی ئایا ئەم رێکخستنەوە یاساییەی لە پرۆژەیاساکەدا هاتووە لێبووردنە یان نا". ئۆلگون رەخنەی لەوەش گرت کە ئامادەکردنی پڕۆژەیاساکە لە پشتی دەرگا داخراوەکانەوە بەڕێوەچووە.
مێراڵ دانیش بێشتاش، پەرلەمانتاری دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد کە دەکرێ پڕۆژەیاساکە دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام بێت؛ بێشتاش ئاماژە بەوە کرد کە هەندێک کەموکورتی دەبینن، بەڵام بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی پڕۆژەیاساکە.
یوجەل بولوت، پەرلەمانتاری مەهەپە جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ئامانجانەی مەبەستیانە لەنێو پرۆژە یاساکەدا هاتووە و گوتی، هەوڵ دەدەن کۆتایی بە تووندوتیژی و جەنگ بێت.
خەلیل ئۆزتورک، پەرلەمانتاری مەهەپە رایگەیاند: "یەکپارچەیی تورکیا لەگەڵ خاک و گەلەکەی، پێکهاتەی دەوڵەت، سەروەریی نیشتمانی و بنەما سەرەکییەکانی دەستوور ناکرێنە بابەت بۆ هیچ سازش و سەودایەک و ئاماژەی بەوەشکرد: "تەواوی هەوڵەکان بۆ لەنێوبردنی هۆکاری بوونی رێکخراوی تیرۆریستی و دوورخستنەوەی سێبەری چەکە لەسەر سیاست و کۆمەڵگە."
شەنگول کارسلی، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لەبارەی هەمان بابەت قسەی کرد و رایگەیاند "ئەم پرۆسەیە بە هیچ شێوەیەک پرۆسەی سازش و سەوداکردن نییە. بە هیچ جۆرێک ئەگەری پاشەکشەی دەوڵەتەکەمان لە ئارادا نییە. ئامانجمان زامنکردنی داهاتووی گەلەکەمانە. تاوەکو میکانیزمی دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوە نەکەوێتە کار، پرۆسەکە بە هیچ شێوەیەک بەڕێوە ناچێت."
کارسڵی دڵنیایی دا کە ئەو پرۆژەیاسایە رەهەندە یاساییەکانی لەبەرچاو گرتووە و گوتی:"پڕۆژەکە بە تەواوی لەگەڵ چوارچێوەی دەستوور و بنەماکانی یاسای سزاداندا دەگونجێت. ئەم پڕۆژەیە لێبووردنی گشتی نییە. بە هیچ شێوەیەک دەقێک نییە تاوانەکان فەرامۆش بکات یان سزای تاوانباران هەڵبوەشێنێتەوە."
دواجار جونەیت یوکسەل، سەرۆکی لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیا، تاوتوێکردنی گشتی لەسەر پڕۆژەیاساکە و تێپەڕاندنی تاوتوێکردنی برگەکانی خستەدەنگدانەوە.
لە کاتی دەنگدانەکەدا گرژی و دەمەقاڵێ لەنێوان پەرلەمانتارانی ئیی پارتی و ئاکپارتی و سەرۆکایەتی لیژنەی داد بۆ ماوەیەکی کورت هەبوو.
دوای 13 کاژێر لە گفتوگۆکردن، پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری، پەسند کرا.
بریار وایە ئەو پرۆژە یاسایە بخرێتە کارنامەی پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت.




