رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، "یاسای پاڵپشتیی نیشتمانی" کە شەوی دووشەممە لە پەرلەمان پەسندکرا، بە واتای "لێبووردنی گشتی" نایەت، بەڵکو بڕیارەکان بەپێی کەیسەکان و لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە دەدرێن.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی تورکیا، ئاماژەی بە وردەکارییەکانی یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی کرد و رایگەیاند: "ئەمە لێبووردنی گشتی نییە. بۆ هەر دۆسیەیەک بە جیا لەلایەن لیژنەیەکەوە بڕیار دەدرێت و جێبەجێکردنی یاساکەش لە چوارچێوەی بڕیارەکانی ئەو لیژنەیەدا دەبێت."
کورتوڵموش دەڵێ، پەسندکردنی یاساکە بە 467 دەنگی پەرلەمانتاران، نیشانەی پشتگیریی گەلە بۆ پرۆسەکە و گوتی: "تەواوی کۆمەڵگە پێشوازی لە کەشوهەوای ئاشتی و ئارامی دەکەن و ئەمەش لەناو پەرلەمان رەنگی دایەوە."
سەرۆکی پەرلەمان دڵنیایی دایە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی و رایگەیاند: "با میللەتەکەمان دڵنیابن، یاسایەک کە بەو وردەکارییە و بەو کۆدەنگییە گەورەیە ئامادەکرابێت، هەرگیز زیان بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان ناگەیێنێت. لەم یاسایەدا تەنانەت یەک رستەش نییە زیان بە سەروەریی نیشتمانی، یەکپارچەیی خاک و پێکهاتەی دەوڵەتی یەکگرتوومان بگەیێنێت."
نوعمان کورتوڵموش باسی لە پێویستیی نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ کرد و گوتی: "نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ و مەدەنی ئەرکێکی سەرشانی ئێمەیە و بەرپرسیارێتییەکی سیاسییە بەرامبەر کۆمەڵگە. پێموایە ئێستا کەشوهەوای سیاسیی گونجاوە و تورکیا توانای ئەوەی هەیە دەستوورێکی مەدەنی دابڕێژێت."
پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، لە 10ـی ئابی 2026 لە دانیشتنی پەرلەماندا بە دەنگی 467 پەرلەمانتار پەسندکرا.
یاساکە رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، دوای پەسندکردنی لەلایەن سەرۆککۆمارەوە، لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاودەکرێتەوە و بەرکار دەبێت.
ئەم یاسایە کە لە 12 مادە پێکهاتووە، رێکاری یاسایی و سیاسیی بۆ پرۆسەی چارەسەری دیاری دەکات و چارەنووسی گەریلاکانی پەکەکە دوای چەکدانان و چۆنیەتیی گەڕانەوەیان بۆ باکووری کوردستان و تورکیا لە چوارچێوەیەکی یاسایی دیاری دەکات.



