رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، پشتیوانیی خۆی بۆ "یاسای پاڵپشتیی نیشتمانی" دووپاتکردەوە و داوای کرد بە زووترین کات رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانی جێبەجێکردنی یاساکە دەستپێبکەن.
دەوڵەت باخچەلی، لە یەکەم لێدوانی فەرمیدا دوای پەسندکردنی یاساکە لە پەرلەمانی تورکیا، رایگەیاند: "پەسندکردنی ئەم یاسایە بە واتای کۆتایی هاتن نییە، بەڵکو سەرەتای قۆناخێکی نوێیە کە پێویست دەکات تێیدا لە رووی یاسایی و کارگێڕییەوە زۆر چاوکراوەتر بین."
سەرۆکی مەهەپە رەخنەی لە هەڵوێستی ئۆپۆزیسیۆن گرت و گوتی: "پێویست بە جامبازیی سیاسی ناکات. نابێت ئەم یاسایە لە روانگەی ئۆپۆزیسیۆنێکی تەسکی پێشوەختە بخوێنرێتەوە، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی گەلی تورک و دەوڵەتی تورکیا تەماشا بکرێت. هیچ بابەتێک کە پەیوەندی بە یەکپارچەیی خاک و نەتەوەوە هەبێت، جێگەی گفتوگۆ نییە."
باخچەلی ئاماژەی بەوەش کرد ئەم پرۆسەیە بە بانگەوازەکەی ئەو لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 دەستیپێکردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانانیان، ئێستاش کە کەوتووەتە ژێر چاودێریی پەرلەمان، رەهەندێکی نیشتمانی وەرگرتووە.
باخچەلی گوتی: "هیچ کاتێکمان بۆ بەفیڕۆدان نییە. دەبێت دەزگاکان بە هاوئاهەنگییەکی تەواوەوە کار بکەن بۆ ئەوەی رێگە نەدرێت ئەم دەرفەتە مێژووییە لەلایەن بەرە نانیشتمانییەکانەوە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاربهێنرێت."
پرۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، لە 10ـی ئابی 2026 لە دانیشتنی پەرلەماندا بە دەنگی 467 پەرلەمانتار پەسندکرا.
یاساکە رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، دوای پەسندکردنی لەلایەن سەرۆککۆمارەوە، لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاودەکرێتەوە و بەرکار دەبێت.
ئەم یاسایە کە لە 12 ماددە پێکهاتووە، رێکاری یاسایی و سیاسیی بۆ پرۆسەی چارەسەری دیاری دەکات و چارەنووسی گەریلاکانی پەکەکە دوای چەکدانان و چۆنیەتیی گەڕانەوەیان بۆ باکووری کوردستان و تورکیا لە چوارچێوەیەکی یاسایی دیاری دەکات.



