رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبنەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار لە کۆشکی (بێشتەپە)ـی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبنەوە.
کۆبوونەوەکە کاژێر 16:00 بە داخراوی بەڕێوەدەچێت. پێشبینی دەکرێت، ناوەڕۆکی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری و هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەکە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆی نێوان شاندەکەی ئیمراڵی و ئەردۆغان بێت.
ئەم کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا دوای ئەوە دێت، یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگ پەسند کراوە.
دوایین دیداری شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ئەردۆغان لە 11ـی شوباتی 2026 بوو.
شاندی ئیمراڵی لە چەند کەسایەتییەکی سیاسیی کوردی پێکهاتووە کە ئەرکی بەشێک لە نێوەندگیری و گفتوگۆیان لە نێوان دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئیمراڵیدا لە ئەستۆ گرتووە.


