رووداو دیجیتاڵ
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا پرۆژەی نەوتی گاباری باکووری کوردستان بە یەکێک لە گەورەترین پرۆژەکانی تورکیا وەسف دەکات و بە ئاماژەدان بە پرۆسەی چارەسەری دەڵێت، ئێستا گەنجانی شرنەخ و ناوچەکە لە گابار کار دەکەن.
وەزیری وزەی تورکیا لە (پرۆگرامی دوورگەی دیموکراسی و ئازادییەکان) وەڵامی پرسیارێکی لەبارەی گرنگترین پرۆژەی حکومەتەکەیان دایەوە و رایگەیاند کە پرۆژەی زۆر گرنگیان لە تورکیادا هەیە، بەڵام نەوتی گابار تایبەتە.
بایراکتار گوتی: "لە تورکیا چیرۆکی نەوتی ئێمە، شوێنی ئەو تاوەرەیە لە گابار. یەکێک لەو پرۆژانەیە کە پێگەیەکی تایبەتی هەیە. لە چەند رووێکەوە وەهایە؛ بە گشتی لەو جۆرە پرۆژانەی وزە بەرهەم دەهێنن، پێویستیمان بۆ وابەستەیی دەرەوە کەم دەکەینەوە، بەڵام گابار لەم رۆژانەدا زیاتر مانادارە کە تورکیا باسی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر دەکات."
وەزیری وزە هەروەها ئاماژەی بە بوونی کەشێکی ئارام لە ناوچەکە کرد و جەختی کردەوە کە پێشتر گەنجانی ناوچەکە زۆر بە سەختی دەیانتوانی بگەنە دەرفەتی کار.
ئاماژەی بە کارکردنی ژمارەیەکی زۆر گەنجی شرنەخی باکووری کوردستان و دەوروبەری لە پرۆژەی نەوتی گابار کرد و گوتی: "بێگومان دۆزینەوەی نەوت زۆر گرنگە، هاوکات لە رەخساندنی هەلی کار و دروستکردنی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەدا، گابار یەکێک لەو پرۆژانەیە کە بیلبیلەی چاومانە."
بەگوێرەی دوایین راپۆرتی بەرهەمی نەوت لە گابار کە رۆژی 6ـی ئابی 2026 لەلایەن وەزارەتی وزەی تورکیاوە بڵاوکرایەوە، بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە کێڵگەی گاباری شرنەخی باکووری کوردستان گەیشتووەتە 83 هەزار و 300 بەرمیل.
تورکیا سەرەتای ئایاری 2023 دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نەوتی لە ناوچەی گاباری شرنەخ راگەیاند.
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین. کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی سەمسوور، ئێلح و ئامەدی باکووری کوردستانن.
هەروەها لە پارێزگاکانی سێرت، رووها و مێردینی باکووری کوردستانیش کێڵگەی نەوتی هەن. ئەو نەوتەی بەرهەم دێت بەشێکی کەم لە پێداویستییەکانی نێوخۆی تورکیا دابین دەکات.
لە کاتێکدا 93%ـی کێڵگە نەوتییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لە 25 ملیۆن بەرمیل نەوت کەمتریان هەیە، 7%ـیان کێڵگەی گەورەن و یەدەگەکانیان لەنێوان 25 ملیۆن بۆ 500 ملیۆن بەرمیلە. لە تورکیا لە قووڵایی 3000 بۆ 4000 مەتردا نەوت دەردەهێندرێت.



