رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتاری ئیی پارتی لە بازنەی دیلۆک، دەستیلەکارکێشانەوەی خۆی لە پارتەکەی راگەیاند. بەمەش ژمارەی پەرلەمانتارانی پارتەکە بۆ 28 پەرلەمانتار کەمبووەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی ئابی 2026، محەممەد مستەفا گوربان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پارتەکەی راگەیاند. نووسیویەتی، "بەدرێژایی ژیانم، لەژێر سێبەری ئاڵای شکۆداری تورکیادا، پابەندبوونم بە بەها نیشتمانی و مەعنەوییەکانمان و پاراستنی میراتی کولتووریی دێرینمان کردووەتە بنەما. ئەرکی پەرلەمانتاریشم بەم تێگەیشتن و دیدگەوە، بە شانازی و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتییەوە بەجێدەگەیەنم."
ئەو پەرلەمانتارەی ئیی پارتی هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی بۆ هەڵوێستی ئیی پارتی دەگەڕێنێتەوە سەبارەت بە رەتکردنەوەی یاسای پرۆسەی چارەسەری و نووسیویەتی، "بۆیە بە پێویستم زانی دەست لە ئەندامێتیی ئیی پارتی بکێشمەوە. سوپاسی بەڕێز سەرۆک و هەموو ئەوانە دەکەم کە رێزیان لە یاسای رێکخستن گرتووە."
بە دەستلەکارکێشانەوەی گوربان، کە دەنگۆی ئەوە هەیە بچێتە ریزەکانی ئاکپارتی، ژمارەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی ئیی پارتی لە پەرلەمانی تورکیا بۆ 28 پەرلەمانتار کەمبووەوە.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کە لە 16ـی ئایاری 2023 کرا، ئیی پارتی بە 5 ملیۆن و 275 هەزار و 448 دەنگ، 44 کورسییان لە پەرلەمان مسۆگەر کرد. سێ مانگ دوای هەڵبژاردن ناکۆکیی قووڵ لەنێو پارتەکە روویدا و بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی مەرال ئاکشەنەر سەرۆکی دامەزرێنەری پارتەکە و لە دوو ساڵدا 16 پەرلەمانتاریان دەستیان لەکارکێشایەوە.

