رووداو دیجیتاڵ وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا دەڵێت، گەڕان بەدوای نەوت لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان بەردەوامە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دەکرێت بەرهەمهێنانی نەوت بەراورد بە کێڵگەی گاباری شرنەخ دوو تاوەکو سێ بەرامبەر زیاتر بێت. ئەلپئەرسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، لە پەراوێزی بەرنامەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رایگەیاند، وڵاتەکەی توانای کارەبای خۆی لە 32 هەزار مێگاواتەوە بۆ 126 هەزار مێگاوات بەرزکردووەتەوە، توانای بەرهەمهێنانی نەوتی سێ هێندە و بەرهەمهێنانی گازی سروشتی نۆ هێندە بەرزتر کردووەتەوە. وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا لەبارەی گەڕان بەدوای نەوت لە ئامەد گوتی: "لە رووبەری 600 کیلۆمەتر چوارگۆشەدا لە چوار کێڵگەدا کار دەکەین. ئەگەر سەرکەوتوو بین، سەدان بیر لێدەدەین و ئاستەکەی دەکرێت بەو جۆرە بێت کە دوو تاوەکو سێ بەرامبەری کێڵگەکانی گابار بێت." بایراکتار ئاشکراشی کرد کە بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە کێڵگەی گابار لە پارێزگای شرنەخ 83 هەزار بەرمیلی تێپەڕاندووە و زیاتر لە 3,500 کەس لەوێ کار دەکەن کە زۆربەیان گەنجی ناوچەکەن. بایراکتار باسی ئەوەشی کرد کە بەشێکی بەرچاوی نەوتی عێراق و باشووری کوردستان لە رێگەی تورکیا و جەیهانەوە دەگەیێندرێتە بازاڕەکانی جیهان و گوتی: "لە راستیدا ئەمە پرۆژەیەکە کە زۆر لەمەوبەرەوە گفتوگۆی لەسەر دەکەین، بەڵام ئێستا بۆ هەمووان بووەتە پێویستییەک. لە قۆناخی داهاتوودا گەیاندنی گازی سروشتیی قەتەر لە رێگەی سعوودیە، ئوردن و سووریاوە بۆ تورکیا یان لە رێگەی عێراقەوە لە چوارچێوەی رێگەی گەشەپێدان بۆ تورکیا، هەموو ئەمانە ئێستا بە شێوەیەکی روونتر لەسەر مێزی گفتوگۆ دەبن." ئامەد یەکێکە لە ناوچە گرنگەکانی باکووری کوردستان بۆ دەرهێنانی نەوت بە رێگە نەریتییەکان، بەڵام لە ساڵانی دواییدا کەرتی وزەی تورکیا رووی لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای هاوچەرخ کردووە بۆ دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی ئامەد. دوای سەرکەوتنی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی گابار لە شرنەخی باکووری کوردستان لە ساڵی 2021ـدا کە ئاستی بەرهەمهێنانی گەیاندووەتە ئاستێکی پێوانەیی، ئەنقەرە هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ درێژکردنەوەی پرۆژەکانی گەڕان لە ئامەد تاوەکو پشتبەستن بە هاوردەکردنی وزەی کەم بکاتەوە.
تورکیا14-08-2026ئەردۆغان لەبارەی جەنگی سوپای وڵاتەکەی و پەکەکە: چارەسەرمان کرد و چیدیکە بۆنی بارووت نایەت