رووداو دیجیتاڵ
شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەیان لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی ئەدیرنە کرد.
شاندەکە لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار پێکهاتبوون، ئەمڕۆ لە زیندانەکە لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش و سەلچوک مزراکڵی، سەرۆکی پێشووتری گەورەشارەوانیی ئامەد کۆبوونەوە.
دوای سەردانەکە، شاندەکە راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "ئەمڕۆ لە گرتووخانەی ئەدیرنە سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و عەدنان سەلچوک مزراکڵی، هاوسەرۆکی پێشووتری گەورەشارەوانیی ئامەدمان کرد. هەڤاڵانمان ورەیان بەرز بوو و سڵاویان بۆ هەمووان هەبوو. گوتیان تاوەکو ئەو رادەیەی بارودۆخی زیندان رێگەی پێدابن، لە نزیکەوە چاودێریی پرۆسەکە دەکەن."
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لە دیدارەکەدا زانیارییان لەبارەی یاسای چارەسەری و ئەو قۆناخەی پرۆسەکە پێیگەیشتووە بە دەمیرتاش و مزراکڵی دا؛ هەڵسەنگاندن و پێشنیازەکانیان وەرگرتن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هەڤاڵانمان ئاماژەیان بەوە دا کە دەرچوواندنی یاسای چارەسەری بە پشتیوانییەکی گەورە لە پەرلەمان زۆر بەنرخە و باوەڕیان وایە هەموو لایەنەکان ئەرکی سەرشانیان بۆ جێبەجێکردنی یاساکە بەجێدەگەیێنن. جەختیان لەوە کردەوە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی دروست بەڕێوەبچێت، گرنگە هەمووان بەشداری بکەن."
شاندەکە پێداگری لە ئازادکردنی سەرجەم گیراوە سیاسییەکان دەکەن و لە راگەیێندراوەکەدا گوتوویانە: "وەک هەمیشە باسمان کردووە و دەیکەین، هەڤاڵانمان نابێت چیدی تەنانەت کاژێرێکیش لە ئازادییەکانیان بێبەش بن. ئەمە پێویستیی دادپەروەری و سروشتی پرۆسەکەیە."
رۆژی دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، دوای گفتوگۆیەکی چڕ کە نزیکەی 12 کاژێری خایاند، پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای "بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" خستە دەنگدانەوە. لە کۆی 562 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 468 پەرلەمانتار دەنگی "بەڵێ"یان بە پرۆژەکە دا، لە بەرامبەردا 88 پەرلەمانتار دەنگی "نەخێر"یان دا و شەش دەنگی بێلایەنیش (بەتاڵ) هەبوون.
پەسندکردنی ئەم یاسایە دوای نزیکەی ساڵێک لە کاری بەردەوامی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری دێت، کە تێیدا گوێ لە نزیکەی 140 کەسایەتی گیرا و چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کران.
پرۆژەیاساکە لە 12 ماددە پێکهاتووە و لەژێر ناوی "پێشنیازەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" پێشکەش کرابوو.



