رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەڵێ، کۆتاییهێنان بە جەنگی سوپای وڵاتەکەی و پەکەکە دەبێتە دەستکەوتی هاوبەشی گەل، رەتیشی دەکاتەوە هیچ دانوستاندن و رێککەوتنێکی شاراوە لە ئارادا بێت.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای حیزبەکەی سەبارەت بە دوایین قۆناخی پرۆسەی چارەسەری کە لای بەرپرسانی ئەو وڵاتە بە پرۆسەی (تورکیای بێ تیرۆر) ناسراوە، رایگەیاند: "زۆرینەی رەهای گەلەکەمان پشتگیری لە تورکیای بێ تیرۆر دەکەن و دەیانەوێ تیرۆر بە تەواوی لە رۆژەڤمان نەمێنێت. تورکیای بێ تیرۆر رێبازێکی دەوڵەتە، سەرکەوتنی سیاسیی تورکیایە و پشتیوان بە خوا دەبێتە دەستکەوتی تەواوی گەلەکەمان."
باخچەلی گوتی، ئامانج لە هەموارکردنەوە یاساییەکان لێخۆشبوون نییە و گوتی، مەرجی سەرەکی بریتییە لە کۆتاییهێنانە بە پەکەکە و "سەرجەم پێکهاتەکانی پەیوەندیدارەکانی؛ هەروەها رادەستکردنی تەواوی چەک و تەقەمەنییەکانە. دوای ئەوە هەنگاوەکانی دیکە دەنرێن و چاکسازیی یاسایی و کارگێڕی ئەنجام دەدرێ."
سەرۆکی مەهەپە هۆشداریشی دا لە بەرامبەر هەوڵەکانی تێکدانی پرۆسەکە و داوای کرد لە بەرامبەر هەوڵی لەو جۆرەدا چاوکراوە بن.
پرۆسەی چارەسەری لەنێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە بە ئامانجی کۆتاییهێنانی شەڕی چەندین دەیە و بەدیهێنانی سەقامگیریی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەستی پێکردووە.
پەرلەمانی تورکیا لە 10ی ئابی 2026 پرۆژەیاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری، بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرد.
ئامانج لەو یاسایە، ئامادەکردنی زەوینەی یاساییە بۆ گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکە بۆ تورکیا.
جێبەجێکردنی یاساکەش هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی تەواوەتیی پەکەکە وەک مەرجێکی سەرەکی دەستنیشان کردووە.



