رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی سەعادەت رایدەگەیێنێت، دەیانەوێت متمانە بۆ سیاسەت لە تورکیا بگەڕێننەوە و کۆتایی بە دیاردەی بازرگانیکردن بە سیاسەت و گۆڕینی لایەنی سیاسی لەپێناو بەرژەوەندیی کەسی بهێنن. دەشڵێت: "وەفاداری دەبێت بۆ بنەماکان بێت، نەک کەسەکان."
مەحموود ئاریکان، سەرۆکی پارتی سەعادەت لە شاری سێواسی باکووری کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە بازرگانان، نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رۆژنامەڤانان کۆبووەوە. ئاریکان ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵ بۆ چەسپاندنی دیدگای "دەوڵەتی چاکسازیخواز" دەدەن بۆ ئەوەی ئەو بێمتمانەییەی لە تورکیا بەرامبەر سیاسەت دروستبووە، بڕەوێننەوە.
سەرۆکی پارتی سەعادەت رەخنەی تووندی لەو کەسانە گرت کە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی شوێنی خۆیان دەگۆڕن و گوتی: "هەندێک کەس هەن وەک دەڵاڵی سیاسی کار دەکەن؛ دەچنە پارتی (A)، کە بەرژەوەندیی خۆیانی تێدا نەدۆزییەوە، دەچنە پارتی (B) و دواتریش (C). ئێمە دەمانەوێت تێگەیشتنێک دروست بکەین کە کۆتایی بەم جۆرە ئاراستەیە لە تورکیادا بێنێت."
ئاریکان باسی لەوەش کرد، لە کاتی گەیشتنیان بە دەسەڵات، شێوازێکی جیاوازی حوکمڕانی پەیڕەو دەکەن و گوتی: "گوێ لە هەموو رەخنەیەک دەگرین و هیچ رەخنەگرێک بە خیانەتکار یان بەشێک لە رێکخراوی تیرۆریستی تۆمەتبار ناکەین. ئێمە تەنیا بۆ %50+1 کار ناکەین، بەڵکو بۆ بەختەوەریی تەواوی 86 ملیۆن هاونیشتمانیی تورکیا و بونیادنانی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کار دەکەین."
پارتی سەعادەت یەکێکە لە پارتە ئیسلامییە نەریتخوازەکانی تورکیا کە لە تەممووزی ساڵی 2001 لەسەر دەستی نەجمەدین ئەربەکان وەک درێژەپێدەری رێبازی "تێڕوانینی نیشتیمانی" دامەزرا. ئەم پارتە بەردەوام رەخنە لە پارتەکانی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆن دەگرێت و بە دوورکەوتنەوە لە بەها ئەخلاقییەکان تۆمەتباریان دەکات.
مەحموود ئاریکان، لە کانوونی یەکەمی 2024ـەوە وەک سەرۆکی نوێی پارتی سەعادەت دەستبەکاربووە و لە هەمان کاتدا تاکە نوێنەری ئەو پارتەیە لە پەرلەمانی تورکیا.



