رووداو دیجیتاڵ
پلەی گەرما لە ئامەدی باکووری کوردستان کە لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ 36-37 پلە دابەزیبوو، پێشبینیی سەرلەنوێ بەرزبوونەوەی دەکرێ و پسپۆڕان هۆشداری لەبارەی منداڵانی نەخۆش و بەساڵاچووان دەدەن.
بەگوێرەی پێشبینیی کەشناسی، شەپۆلێکی نوێی گەرما کە کاریگەرییەکەی لە سەرانسەری ئامەد هەستی پێدەکرێ، لە رۆژی هەینی 21-8-2026ــەوە دەستپێدەکاتەوە.
پلەی گەرما کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە نزیک لە ئاستی ئاسایی بوو، لە رۆژی هەینییەوە روو لە بەرزبوونەوە دەکات و سەرلەنوێ دەچێتەوە سەرووی 40 پلەی سیلیزی.
پێشبینی دەکرێ گەرمای تاقەتپرووکێن تەنیا چەند رۆژێک سنووردار نەبێت و چاوەڕێ دەکرێت تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب بەردەوام بێت.
پسپۆڕان هۆشداری دەدەن بە تایبەتی لەنێوان کاژێر 11:00 بۆ 16:00 کە گەرمترین کاتی رۆژە، هاونیشتمانییان بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە.
پسپۆڕان دەڵێن، زۆر گرنگە ئەو هاونیشتمانییانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، لەگەڵ بەساڵاچووان و منداڵان، بڕێکی زۆر شلەمەنی بخۆنەوە و رێوشوێنی خۆپارێزی بگرنەبەر.



