رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی (پارتی نوێ) لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان بە چەقۆ هێرشی کرایەسەر و پارێزگاری دیلۆکیش رایگەیاند، 5 تۆمەتبار دەستگیرکراون.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 18ی ئابی 2026 مەلیح مەریچ، پەرلەمانتاری (پارتی نوێ) لە شوێنێکی گشتی لە دیلۆک لەلایەن کەسێکەوە بە چەقۆ هێرشی کرایەسەر.
دوای برینداربوونی، مەریچ بە ئەمبوڵانس رەوانەی نەخۆشخانەی شاری دیلۆک کرا.
لە کاتی گواستنەوەیدا بۆ نەخۆشخانە، مەریچ لە وەڵامی پرسیاری هێزە ئەمنییەکاندا ناوی هێرشکارەکەی ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە ناوی (سەییدی ئەحمەد کەلەش)ـە.
کەلەش سەرۆکی پێشووی ناوچەی تلبەشاری دیلۆک بوو لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، دوای دەستلەکارکێشانەوەی لە جەهەپە، پەیوەندی بە (پارتی نوێ)وە کرد و پێشتریش لەلایەن پۆلیسەوە داواکراو بووە.
کەمال چەبەر، پارێزگاری دیلۆک لە هەژماری خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، کەلەش و 4 کەسی دیکە بە تۆمەتی تێوەگلان لەو رووداوە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون.
(پارتی نوێ) دوای قوڵبوونەوەی ململانێیکانی نێو جەهەپە، لە 20ی تەممووزی 2026 لەلایەن ئۆزگور ئۆزەلەوە دامەزرا.
جەهەپە لە دوای هەڵبژاردنی حوزەیرانی 2023، خاوەن 3 پەرلەمانتار بوو لە دیلۆک. مەلیح مەریچ یەکێک بوو لەو سێ پەرلەمانتارە.
دوای دروستبوونی (پارتی نوێ) مەریچ دەستلەکارکێشانەوەی لە جەهەپە راگەیاند و پەیوەندی بەو پارتەوە کرد.




