رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایگەیاند، بۆ گونجاندن لەگەڵ سرووشتی سیستمی حوکمڕانیی نوێدا، پێویستە رێکخستنەوەی بنەڕەتی بۆ یاسای پارتە سیاسییەکان و سیستمی هەڵبژاردن لە تورکیادا بکرێت.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "Türkgün" ئاماژەی بە گواستنەوەی وڵات لە ساڵی 2017دا لە سیستمی پەرلەمانییەوە بۆ سیستمی سەرۆکایەتی کرد و گوتی، "لە قۆناخی داهاتوودا پێویستە بە تێگەیشتنێک کە ئارامیی سیاسی و گەشەپێدانی دیموکراتی بکاتە بنەما، سیستمی هەڵبژاردن و پارتە سیاسییەکان سەرلەنوێ دابڕێژرێنەوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باخچەلی ئاماژەی بە دروستبوونی (پارتی نوێ) لەلایەن ئۆزگور ئۆزەل و لایەنگرانیەوە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن، بەڵام رەخنەی لێگرتن کە لە بەرامبەر پرۆسەی چارەسەری، هەڵوێستێکی روونیان نەبوو و گوتی، "دەرنەکەوتنی هەڵوێستێکی بڕواپێکراو و ئیرادەیەکی هاوبەشی دامەزراوەیی بەرامبەر گرنگترین پرسی تورکیا وەک (تورکیای بێ تیرۆر)، دەریخست کە ئەو دامەزراوەییبوونە سیاسییە بەهێزەی ئاواتی بۆ دەخوازین هێشتا لە (پارتی نوێ)دا بەدی ناکرێت."
لەبارەی پرۆسەی چارەسەری، سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەکە روانگەیەکەی نوێی ستراتیژی لە ئاسایشەوە تاوەکو ئابووری دابین دەکات و بە کۆتاییهێنان ئەو پرسە متمانەی وەبەرهێنەران زیاتر دەکات، توانای بەرهەمهێنان بەهێزتر دەبێت و ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لەو ناوچانەی پێشتر بەهۆی ململانێی چەکداری فەرامۆش کرابوون، دەبووژێتەوە.
پێشنیاری دەستکاریکردنی یاسای پارتە سیاسییەکان و سیستمی هەڵبژاردن لەلایەن هاوپەیمانیی کۆمارەوە (ئاکپارتی و مەهەپە)، بەشێکە لە هەوڵەکانی ئەم هاوپەیمانییە بۆ دووبارە نووسینەوەی دەستووری نوێ لە تورکیا.
ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە، گونجاندنی تەواوی دامەزراوە سیاسییەکان و پەرلەمانە لەگەڵ سیستمی سەرۆکایەتیی حوکمڕانیدا تاوەکو رێگری لە ئاڵۆزیی سیاسی بکات.
هاوپەیمانیی کۆمار دەمێکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ پێویستییەکی سەرەکیی تورکیایە بۆ رزگاربوون لەو دەستوورەی ئێستا کە بە بەرهەمی کودەتا دەناسرێت.




