رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی نوێ خشتەی کاتیی بەستنی کۆنگرەی پارتەکەی ئاشکرا کرد کە لە 22ـی ئابەوە دەستپێدەکات و دوای کۆتاییهاتنی کۆنگرەی ناوچەیی و پارێزگاکان، پارتەکە کۆنگرەی گشتی دەکات.
زەینەل ئەمرە، گوتەبێژی پارتی نوێ، رایگەیاند لیستی ئەندامانی پارتەکە لە 26ـی ئابدا رادەگەیێندرێت و هەموو ئەو کەسانەی تاوەکو ئەو کاتە دەبنە ئەندام، مافی دەنگدانیان لە کۆنگرەدا دەبێت.
بەپێی ئەو خشتەیەی کە راگەیێندراوە، هەڵبژاردنی سەرۆکی ناوچەکان لە 12ـی ئەیلوولی 2026 و هەڵبژاردنی سەرۆکی پارێزگاکانیش بۆ پارتەکە لە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026 لە رێگەی دەنگدانی راستەوخۆی ئەندامانی پارتەکەوە بەڕێوەدەچێت.
گوتەبێژی پارتی نوێ ئاماژەی بەوەش کرد، کۆنگرەی پارتەکە لە پارێزگاکان تاوەکو 27ـی تشرینی یەکەم کۆتایی دێت. دواتر ئەنجوومەنی پارتی نوێ کۆدەبێتەوە بۆ دیاریکردنی کاتی کۆنگرەی گشتیی گەورەی پارتەکە.
پارتی نوێ لەلایەن بەشێک لە ئەندامان و سەرکردەکانی پێشووی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ـوە بە سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەل لە 24ـی تەممووزی 2026 دامەزراوە.
پارتی نوێ خاوەنی 91 پەرلەمانتارە و لەڕووی ژمارەوە بە دووەم فراکسیۆنی نێو پەرلەمانی تورکیا دادەنرێت.



