رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی یۆنان ئەو دوو وێستگە دەریاییەی تورکیای بە نایاسایی ناساند، کە رۆژی 15ـی ئاب تورکیا لە سنووری ئاویی نێوان وڵاتەکەی و یۆنان رایگەیاندبوون.
ئەنقەرە، بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوو وێستگەی دەریایی لە باکووری دەریای ئیجە و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست راگەیاند. لەبەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی یۆنان رایگەیاند، ئەو وێستگە دەریاییانە لە دەرەوەی سنوورە ئاوییەکانی تورکیان و هیچ بنەمایەکی یاساییان نییە.
ئەو فەرمانەی رۆژی 15ـی ئاب واژۆ کرابوو، رۆژی یەکشەممە 16ـی ئاب لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیادا بڵاوکرایەوە.
بەگوێرەی فەرمانەکە، یەکێک لە وێستگەکان دەکەوێتە کەناراوەکانی فەتحییە و کاش لە باشووری تورکیا لە دەریای ناوەڕاست. دووەمیشیان رووبەرێکی نزیک لە گەرووی چاناککالێ لە باکووری دەریای ئیجە دەگرێتەوە.
رووبەری پارکی فەتحییە - کاش نزیکەی 21 هەزار و 700 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، هەروەها پارکی باکووری دەریای ئیجە هەزار و 742 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
ئەسینا بە خێرایی کاردانەوەی نیشاندا
لە راگەیێندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی یۆنانەوە بڵاوکرایەوە، بڕیارەکەی تورکیا بۆ دروستکردنی وێستگەی دەریایی لە دوو ناوچەی بەرفراواندا بە "نایاسایی" وەسفکرا و سەرکۆنە کرا. وەزارەتەکە ئەنقەرەی بە پێشێلکردنی سنوورە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانی یۆنان تۆمەتبار کرد.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "تورکیا بە شێوەیەکی تاکلایەنە و لە دەرەوەی دەسەڵاتی خۆی، وێستگەی دەریایی راگەیاندووە کە ئەمەش ناتوانێت واقیعێکی نوێ بسەپێنێت و کاریگەریی لەسەر ئەو مافانە هەبێت کە لە یاسای نێودەوڵەتییەوە سەرچاوە دەگرن."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پلانەکانی یۆنان بۆ دروستکردنی وێستگەی دەریایی، بە تەواوی هاوتەریبن لەگەڵ یاسای دەریاکاندا و تەنیا لە سنووری ئاوە هەرێمییەکانی یۆناندا جێبەجێ دەکرێن.
ئاماژە بەوەش دراوە کە ئەو جۆرە هەنگاوانەی تورکیا خزمەت بە بەهێزکردنی کەشی پەیوەندییەکانی دراوسێیەتیی باش ناکەن و زیانی قورس بە هەوڵەکانی پاراستنی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵات دەگەیێنن.
ئۆپۆزیسیۆنی یۆنانیش ئەنقەرە تۆمەتبار دەکات
رێنا دورو، سکرتێری گشتیی پارتی ئۆپۆزیسیۆنی چەپی یۆنان (سیریزا) ئەو هەنگاوەی بە دوایین ئەڵقەی زنجیرە دنەدانەکانی تورکیا ناوبرد و گوتی: "لە دانانی وێستگەی یەکەمدا هیچ حیسابێکی بۆ سنوورە ئاوییەکانی یۆنان لە دەوروبەری دوورگەی کاستیلۆریزۆ (مەیس) نەکردووە. هەروەها دووەمیان لە نێوان سەماسرەک و لیمنیدا درێژ دەبێتەوە."
رێنا دورو هەروەها حکومەتی یۆنانی تۆمەتبار کرد بەوەی هیچ ستراتیژییەکی نیشتمانیی نییە و رایگەیاند، حکومەت "خۆی بە خەیاڵی ئارامی لە دەریای ئیجەدا دەخەڵەتێنێت."
ئەو دوورگەیەی دوو کیلۆمەتر لە تورکیاوە دوورە و موڵکی یۆنانە
دوورگەی کاستیلۆریزوی یۆنان کە لە تورکیا بە دوورگەی مەیس دەناسرێت، تەنیا دوو کیلۆمەتر لە کەناراوی تورکیاوە دوورە. ئەو دوورگە یۆنانییە کێشەی بۆ تورکیا دروستکردووە.
یۆنان دەڵێت، بەگوێرەی یاسا و نەخشە دوورگەی خۆیەتی و مافی ئەسینایە جموجووڵ بە ویستی خۆی لەوێدا بکات. تورکیا ئەوە رەتدەکاتەوە و ئەو هەنگاوەی یۆنان بە نایاسایی ناودەبات. زۆر جار دوورگەکە کێشەکانی نێوان ئەنقەرە و ئەسینا قووڵتر دەکاتەوە.
لە کانوونی یەکەمی 2023ـدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و کیریاکۆس میتسوتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان، بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان، "جاڕنامەی دۆستایەتی و دراوسێیەتیی باش"یان واژۆ کرد.
گرژییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان
ناکۆکییەکانی نێوان ئەنقەرە و ئەسینا جگە لەوەی مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە، چەند رەهەندێکی جیاوازیشیان لەخۆگرتووە.
دوورگەکانی دەریای ناوەڕاست، قوبرس و کۆچ چەند بابەتێکن کە تورکیا و یۆنان لەسەری ناکۆکن.
دوای جیابوونەوە و سەربەخۆبوونی یۆنان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ساڵی 1832، هیچ کاتێک پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە جێگیر نەبوونە.
چوار جار جەنگ لە نێوانیاندا روویداوە:
جەنگی تورکیا - یۆنان ساڵی 1897
جەنگی بەڵقانی یەکەم ساڵی 1912
جەنگی یەکەمی جیهانی 1914 - 1918
جەنگی دووەمی یۆنان - تورکیا 1919 - 1922
لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات بەرەو باشی چوو. هەردوو وڵات ساڵی 1952 بوونە ئەندامی ناتۆ، بەڵام دواتر دوای پەیوەندیی ئەرێنی، ناکۆکییەکانی نێوانیان لەسەر دوورگەی قوبرس و دەرکردنی یۆنانییەکان لە تورکیا لە شەستەکانی سەدەی رابردوو پەرەی سەند.
تورکیا سوپای ناردە قوبرس و بەشێکی کۆنترۆڵ کرد
ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان لە ساڵی 1974 بە کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە خاکی قوبرس لەلایەن تورکیاوە قووڵتر بوونەوە. تاوەکو ئێستاش سنووری ئاویی ئیجە (ئێگە) خاڵێکی گەورەی ناکۆکیی نێوان هەردوو وڵاتە.
ئەوە لەکاتێکدایە، یۆنان 12 دوورگەی سەرەکی لەو سنوورە بە فەرمی خستوونەتە سەر خاکی وڵاتەکەی. بەشێک لەو دوورگانە لە تورکیاوە بە چاو دەبینرێن.
یۆنان، تورکیا بەوە تۆمەتباردەکات کە لەو ناوچانەدا بەدوای سەرچاوەی سروشتییدا دەگەڕێت و هەنگاوەکە بە پاوانخوازی ناودەبات.
هەرچیی تورکیایە یۆنان بە ناردنی چەک بۆ دوورگەکانی نزیک لە وڵاتەکەی تۆمەتباردەکات، لەکاتێکدا پێشتر بەڵێننامە لەبارەی جێگیرنەکردنی چەک لەو دوورگانە واژۆکراوە.



