رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، بەگوێرەی "یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی"، ئەگەری هەیە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و نزیکەی چوار هەزار زیندانیی دیکەی سیاسی ئازاد بکرێن.
رۆژی چوارشەممە 19ـی ئابی 2026، تەیب تەمەل، یاریدەدەری هاوسەرۆکی (دەم پارتی) باسی لە کاریگەرییەکانی "یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" کە لەلایەن دەسەڵاتەوە بە "یاسای چوارچێوە" ناسراوە لەسەر دۆخی زیندانییان کرد.
یاریدەدەری هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم یاسایە دەبێتە هۆی چۆڵبوونی بەشێکی زۆری زیندانەکان و گوتی: "پێموایە ژمارەی ئەو کەسانەی ئازاد دەکرێن دەگاتە نزیکەی چوار هەزار کەس. جگە لە 700 بۆ 800 کەس نەبێت، ئەوانی دیکە هەموو لە زیندان دێنە دەرەوە. دۆخی ئەو کەسانەشی کە دەمێننەوە، لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە بە وردی تاوتوێ دەکرێت."
سەبارەت بە دۆخی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە، تەیب تەمەل گوتی: "هاوسەرۆکەکانمان بە تۆمەتی پەیوەندی بە پەکەکە زیندانی کراون. بەپێی ئەم یاسایە، ئەوانیش و هەموو ئەو کەسانەی بەو تۆمەتانە دەستگیرکراون، ئازاد دەکرێن."
تەیب تەمەل باسی لەوەش کرد کە ئازادکردنی زیندانییانی وەک "جان ئاتالای" و "بەکر کایا" پەیوەستە بە گۆڕینی کەشوهەوای سیاسی و گوتی: "لە ژینگەیەکدا کە چەکەکان دابنرێن و زەمینە بۆ ژیانی دیموکراسی خۆش بکرێت، کەسانی وەک جان ئاتالای و بەکر کایا لە زیندان نامێننەوە. ئێمە خەباتێکی زۆرمان کرد بۆ ئەوەی ئەم یاسایە هەموو زیندانییانی سیاسی بگرێتەوە، بەڵام ئێستا تەنیا جەخت لەسەر پرسی چەکدانانی پەکەکە دەکرێتەوە."
رۆژی دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، دوای گفتوگۆیەکی چڕ کە نزیکەی 12 کاژێری خایاند، پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای "بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" خستە دەنگدانەوە. لە کۆی 562 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 468 پەرلەمانتار دەنگی "بەڵێ"یان بە پرۆژەکە دا، لە بەرامبەردا 88 پەرلەمانتار دەنگی "نەخێر"یان دا و شەش دەنگی بێلایەنیش (بەتاڵ) هەبوون.
پەسندکردنی ئەم یاسایە دوای نزیکەی ساڵێک لە کاری بەردەوامی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری دێت، کە تێیدا گوێ لە نزیکەی 140 کەسایەتی گیرا و چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کران.
پرۆژەیاساکە لە 12 ماددە پێکهاتووە و لەژێر ناوی "پێشنیازەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" پێشکەش کرابوو.



