رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی "ئەبو زوهوور" لە پارێزگای ئیدلب دەکات و دەڵێت، ئیسرائیل "بێباکانە" سەروەریی خاکی سووریا پێشێل دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر ژێرخان و تواناکانی سووریا. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئیسرائیل بێباکانە بەردەوامە لەم هێرشانە، بەمەش سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا پێشێل دەکات و یاسا نێودەوڵەتییەکان پشتگوێ دەخات."
ئەنقەرە هۆشداری دەدات کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریا رۆژ دوای رۆژ "رەهەندی نوێ وەردەگرن"، هەر بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەڵوێستێکی لێبڕاوانەتر بنوێنن بۆ کۆتاییهێنان بەو دەستدرێژییانە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێپرسینەوە لە بەرامبەر ئەم جۆرە کردارانەدا هەبێت، چونکە بە گوتەی ئەنقەرە، تەلئەڤیڤ بەم هەنگاوانەی ئارامیی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.
ئەم هەڵوێستە فەرمییەی تورکیا دوای ئەوە دێت، بەرەبەیانی رۆژی 18ـی ئابی 2026، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی سەربازیی "ئەبو زوهوور"یان لە سنووری پارێزگای ئیدلب کردە ئامانج.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشدارییەکی تووند ئاراستەی حکومەتی نوێی سووریا و تورکیا کرد و رایگەیاند، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک رێگە بە بوونی سەربازیی تورکیا لەناو خاکی سووریادا نادات، چونکە ئەوە وەک "هەڕەشەیەکی راستەوخۆ" بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی دەبینێت.
رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، نەتەنیاهوو لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر لە رێگەی کەناڵە جیاوازەکانەوە هۆشدارییان دابووە سووریا کە رێگە بە جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا نەدات، بەڵام بە گوتەی ئەو "بەرپرسانی دیمەشق پەیامەکەیان بە دروستی وەرنەگرت."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە راشکاوی رایگەیاند: "هێرشەکەی دوێنێمان (سێشەممە) بۆ سەر سووریا بۆ ئەوە بوو کە پەیامەکەمان بە دروستی بگەیێنین."



