رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، بڕیاری دا بە شێوەیەکی کاتی چوار هاوسەرۆکی شارەوانی لە سێ قەزای سنووری پارێزگای ئامەد لە کارەکانیان دووربخاتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، بڕیارەکە دوای لێکۆڵینەوەکانی "کۆمیسیۆنی بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکانی دەم پارتی" و لەسەر بنەمای سکاڵای هاووڵاتییان و چاودێریکردنی کارەکانیان دراوە. ئەو هاوسەرۆکانەی بۆ ماوەی یەک مانگ لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە بریتین لە:
سافیە ئەکداغ و محەممەد ئەرگون، هاوسەرۆکانی شارەوانیی یەنیشەهیر
حاجی ئەکەنگین، هاوسەرۆکی شارەوانیی پیران (دیکلێ)
حەمدوڵڵا دەمیر، هاوسەرۆکی شارەوانیی هێنێ
سەرچاوەکان لەناو دەم پارتی ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەم بڕیارە وەک "سزای دیسپلین" هەژمار ناکرێت، بەڵکو رێکارێکی ناوخۆیی پارتەکەیە بۆ بەدواداچوون لە شێوازی کارکردنی ئەو هاوسەرۆکانە و چۆنییەتیی مامەڵەکردنیان لەگەڵ تێپەڕاندنی پرۆژەکان و خزمەتگوزارییەکان.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ناوەندیی دەم پارتی رایانگەیاندووە کە بابەتەکە بە واتای "لادانی هەمیشەیی" یان "دەرکردن لە پارت" نایەت، بەڵکو تەنیا هەڵپەساردنی دەسەڵاتەکانیانە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو تاوەکو پرۆسەی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنەکان کۆتاییان دێت.
ئەم هەنگاوەی دەم پارتی لە کاتێکدایە کە پارتەکە لە ماوەی رابردوودا چاودێرییەکانی بەسەر شارەوانییەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا تووندتر کردووە و پێشتریش چەند هاوسەرۆکێکی دیکەی بەهۆی "پەیڕەونەکردنی پرەنسیپەکانی پارتەکە" لە ریزەکانی دوورخستبووەوە.



